زووم..
زووم بەدواداچوونى بۆ هۆکارى راگرتنى هاوکارییەکەى هاوپەیمانان بۆ فەوجى یەکى لیوای16ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە کردووە، کە ژمارەیان 385 پێشمەرگەیە و هاوکاریی مانگى 12ـیان پێنەدراوە. سەرچاوەیەکى باڵاى وەزارەتى پێشەرگە پێی راگەیاندین، ئامر فەوجەکە لە وردبینیی هاوپەیمانان دەرنەچووە، بۆیە هاوکارییەکەیان راگرتووە.
چەند رۆژێکە بە بەردەوامى هەندێک لەو پێشمەرگانەى هاوکارییەکەیان وەرنەگرتووە تەلەفۆنمان بۆ دەکەن و داوا دەکەن زووم بەدواداچوونى زیاتر بۆ کێشەکەیان بکات. قسەم لەگەڵ سەرچاوەیەکى باڵاى وەزارەت کرد، گوتى، هۆکارى کێشەکەتان بە روونى بۆ باس دەکەم، بەڵام تکایە ناوم بڵاومەکەنەوە، بۆیە ئێمەش ناوى بڵاوناکەیەنەوە.
ئەو گوتى، هاوپەیمانان وردبینییەکى ئەمنیی دەکەن، لە هەر فەوجێک لە هەر لیوایەک و لە هەر یەکەیەک فەرماندەکەى دەرنەچێت، هاوکارییەکەیان نادەنێ، لیواى 16ـش، فەرماندەکەى لەو وردبینییە دەرنەچووە، بۆیە هاوکارییەکە راگیراوە.
سەرچاوەکە گوتى، لەماوەى دوو ساڵى رابردوودا لەم کێشانە زۆر روویانداوە، بەڵام لە وەزارەت چارەسەرکراون و چاوەڕوانین لە مانگى داهاتوودا کێشەى ئەم فەوجەش چارەسەر بکرێت.
لە سەرچاوەکەم پرسی، دەکرێ بەهۆى دەرنەچوونى فەرماندەیەک لە وردبینى، فەوجێک لە هاوکارییەکان بێبەش بکرێن، گوتى، ئەوە لە ئەمریکا بپرسن، ئەوان بڕیاری خۆیان ناگۆڕن، ئێستا هەموو وەزارەت بە بەڕێوەبەرە گشتییەکانیشەوە خراوەتە نێو وردبینییەوە دەبێت هەموان لە وردبینییەکەى ئەوان دەربچین.
فەوجی یەکى لیواى 16 لیواکەى گۆڕاوە و ئەم کێشەى لێکەوتەوە، سەرچاوەکەى وەزارەت دەڵێت، دەبێت، لیواکە بگۆڕینەوە بۆئەوەى کێشەکە چارەسەر بکرێت.