زووم..
ناوەندی کۆپرنیکۆس بۆ گۆڕانی ئاوهەوا رایگەیاند، 2024 گەرمترین ساڵی 125 ساڵی رابردوو بووە.
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندەکە، گەرمیی ساڵی رابردوو ئامانجی کۆڕبەندی پاریسی تایبەت بە گۆڕانی ئاوهەوای تێپەڕاندووە، کە رێگریکردن بووە لەوەی پلەکانی گەرما یەک پۆینت پێنج پلە لە سەردەمی پێش شۆڕشی پیشەسازی بەرزببێتەوە.
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی راپۆرتی ناوەندەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووەتە هۆی زیادبوونی بەهەڵمبوون و دروستبوونی هەوری زیاتر لە بەرگەهەوادا، ئەوەش هۆکار بووە بۆ لێزمەباران و دروستبوونی زریانی هێلین و مێڵتۆن لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی جیهاندا.
ئاماژە بەوەش دراوە، ساڵی 2023 بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤ و دیاردەی نینۆوە، بە یەکێک لە گەرمترین ساڵەکانی 124 ساڵی رابردوو دادەنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا زانایان نەیانتوانیوە هۆکارێکی روونی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ساڵی 2024 دیاری بکەن.