زووم..
ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدات، بڕیارە وەزیرانى کورد لە حکومەتی فیدراڵى و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق بەشدار بن، بەڵام فراکسیۆنەکانى یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى دادگەرى بەشداری تێدا ناکەن.
کۆبوونەکە لە ئەنجومەنی وەزیران دەبێت، نائاساییە و تایبەتە بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی عێراق.
موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بە زوومی گوت، پرسە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، مووچەی مانگی 12 و بودجەی عێراق تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبن، بەڵام وەک فراکسیۆنی یەکگرتووە بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکەن.
هاوکات، سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری بە زوومى گوت، لەگەڵ حزبەکەی راوێژ دەکات، بەڵام میدیای فەرمیی حزبەکە بڵاویکردووەتەوە، بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکەین.
سۆران عومەر گوتی، هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەزانێن بەغداد زیاتر لە 11 ترلیۆن دینار پارەی بۆ مووچەی 12 مانگی ئەمساڵ ناردووە، بەڵام مووچەیەکی ساڵی 2024ـیان نەداوە بە مووچەخۆران.