زووم، ئاژانسەکان:
پێناچێت کریستیانۆ رۆناڵدۆ پاش تەواوبوونی مۆندیالی قەتەر نیمچە دوورگەی عەرەبی جێبهێڵێت، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی مارکا بڵاویکردوونەتەوە “رۆناڵدۆ نزیکە لە پەیوەندیکردن بە یانەی نەسری سعودییەوە”.
مارکای ئیسپانی، ئاشکرایکردوە، یانەی نەسر گرێبەستێکی “خەیاڵیی” بۆ رۆناڵدۆ ئامادەکردووە، ساڵانە موچەیەکی 200 ملیۆن دۆلاریی دەداتێ و گرێبەستەکەش بۆ دوو ساڵ دەبێت.
🤑🤪 Ojo a las mareantes cifras del acuerdo entre Cristiano y el Al-Nassr 💰 https://t.co/gyuqeFJpQx Te informa @jfelixdiaz
— MARCA (@marca) November 30, 2022
یانەی نەسر، یەکێکە لە دیارترین یانەکانی عەرەبستانی سعودی، نۆ جار بووەتە پاڵەوانی خولی وڵاتەکە. رۆدی گارسیا راهێنەری یانەکەیە و چەندین یاریزانی پیشەگەر لە ریزەکانی یانەکەدا یاریدەکەن لە نموونەی ئۆسپێنای کۆڵۆمبی و گۆنزالێزی ئیسپانی.
ئەگەر گرێبەستی یانە سعودییەکە لەگەڵ رۆناڵدۆ سەربگرێت، ئەوا ئەستێرە پورتوگالییەکە کە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا بەشداریی مۆندیال دەکات، بەدڵنیاییەوە تاوەکو تەمەنی 40 ساڵی بەردەوامدەبێت لە یاریکردن.
جوڵەکانی رۆناڵدۆ و یارییەکانی مێسی
رۆژنامەی مارکا لەمڕۆدا ئەو بۆمبەی تەقاندەوە، کە لیۆنێل مێسی و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یارییەکی چارەنوسسازیان لە مۆندیالدا هەیە و بەرامبەر پۆڵەندا یاریی مان و نەمان دەکەن.
ئەمە جاری یەکەم نییە لە رۆژی یارییەکانی ئەرجەنتیندا جوڵەیەک لەبارەی رۆناڵدۆوە ببیستین، ئەو رۆژەی ئەرجەنتین و مێسی بەرامبەر سعودیە یارییان کرد، یانەی مانچستەر یونایتد بۆمبێکی دیکەی تەقاندەوە و ئاشکرایکرد “بەرەزامەندیی هەردوولا گرێبەستەکەی رۆناڵدۆیان هەڵوەشاندووەتەوە”.
Cristiano Ronaldo is to leave Manchester United by mutual agreement, with immediate effect.
The club thanks him for his immense contribution across two spells at Old Trafford.#MUFC
— Manchester United (@ManUtd) November 22, 2022
رۆیشتنی رۆناڵدۆ لە مانچستەر یونایتد، دوای ئەوە هات کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێریک تینهاگی راهێنەر لەوپەڕی خراپیدا بوو.
کاروانی یاریکردنی رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە شوباتی داهاتوو تەمەنی دەگاتە 38 ساڵ، لە یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پورتوگالییەوە دەستی بە یاری کردووە.
ساڵی 2003 بە گرێبەستێک پەیوەندیی بە مانچستەر یونایتدەوە دەکات و شەش ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و خەڵاتێکی بالۆندۆر دەباتەوە.
دواتر بۆ ماوەی نۆ ساڵ سەردەمی زێڕینی خۆی لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەسەردەبات، چوار نازناوی چامپیۆنز لیگ و چوار بالۆندۆریش دەباتەوە. ئەمەش لە کێبڕکێیەکی توند لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی.
رۆناڵدۆ پاش ئەزموونەکەی ریاڵ مەدرید پەیوەندیی بە یوڤنتۆسەوە دەکات، دواتریش لە 2001 پەیوەندیی بە مانچستەر یونایتدەوە دەکات تاوەکو رۆژی 22ی ئەم مانگە بەرەزامەندیی هەردوولا گرێبەستەکەی هەڵدەوەشێتەوە و ئێستا بە بێ یانە لە مۆندیال یاریدەکات.