رۆژنامە عەرەبییەکان
عەرەبی جەدید
چەکی سوریا؛ ئەوەى ماوە و ئەوەى وێرانکرا
هەرچەندە ئیسرائیل رایگەیاندووە کە نزیکەی 80%ـی تواناکانی سوپای سوریای لەناوبردووە، بەتایبەتی لە کاتی هێرشەکانی ئەم دواییەی دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، تیشکی خستۆتە سەر تواناکانی هێزی ئاسمانی سوریا، بەڵام پێدەچێت هێشتا ئامانجی دیکەى لە سوریا مابێت.
دوایین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا چوارشەممەی هەفتەى رابردوو ئەنجامیدان، بێ ئەوەى زیانەکان ئاشکرابکات.
هێرشە ئاسمانییەکانی پێنجشەممەى رابردووش، کارگە سەربازییەکانى لە ناوچەی سەفیرە لە گوندەوارەکانى حەلەب لە باکووری رۆژئاوای سوریا کردە ئامانج، کۆگاکانی مووشەکی زەمین بەزەمین، مووشەکانی جۆری سکۆد-یان تێکشکاند، ئەمەش بەو مانایەدێت، رەنگە ئیسرائیل گرنگترین ئامانجە سەربازییەکانى خۆی لە سوریا پێکابێت.
ئەو توانا سەربازییە ستراتیژییانەی سوریا کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لەناوبراون، فڕۆکە و فڕۆکەخانە سەربازییەکان، هەلیکۆپتەر، تانک زرێپۆش و کەشتییە جەنگییەکان، کارگە ستراتیژییە گرنگەکان، کارگەکانى بارووت و ناوەندی چاککردنەوەى چەک و جبەخانە و کۆگا مووشەکییەکان لەخر دەگرێت.
شەرقلئەوسەت
قورسترین هێرشی ئیسرائیل و هاوپەیمانان بۆ سەر حوسییەکان ئەنجامدرا
حوسییەکانى یەمەن قورسترین هێرشی ئاسمانییان لەلایەن ئیسرائیل و هاوپەیمانان کراوەتە سەر.
لەو هێرشانەدا وێستگەى کارەبا و چەند پێگەیەکى سەربازیی لە سەنعا و عیمران و دوو بەندەر لە حودەیدە و رەئس عیسایان کردووەتە ئامانج و بەگوێرەى دوایین راپۆرتی حوسییەکان، کەسێک کوژراوە و نۆ کەسی دیکە برینداربوون.
ئەو هێرشە بۆ سەر حوسییەکان لە درەنگانى دوێنێ شەو، بە پێنجەم هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانى رۆژئاوا ئەژماردەکرێت، بەڵام بە قورسترین و چڕزپڕترین هێرش دادەنرێت.

عەرەب
شکستپێهێنانی ئەسەد سەرکەوتنی ئەردۆغانە یان سەرکەوتنەکانی فیدان؟
شکستی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا، وایکرد رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەرکەوتن بەسەر توندترین نەیارەکانی لە ناوچەکەدا بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەردۆغان تاکە براوە نەبوو، گۆڕانکارییەکانی سوریا ئامادەبوونی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و دەرکەوتنى وەک یەکێک لەو ئەستێرانەى سەرکەوتنەکان کەڵەکە دەکات، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە ناوێک بۆ داهاتووی تورکیا.
ئەستێرەی شاشەی هەواڵ و کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکان، تەنها پەیوەندییان بە کاروباری سوریاوە نییە، بە دۆسیەى لیبیا و عێراقیشەوە پەیوەنددارە.
قودسی عەرەبی
رۆژئاوا هۆشداری دەداتە سوریا جێگای جیهادییە چەکدارەکان لە سوپا نەکاتەوە
دوای ئەوەى ئەحمەد شەرع فەرماندەى ئیدارەى نوێی سوریا، دڵنیایی دایە ئەنتۆنیۆ تایانى، وەزیری دەرەوەى ئیتاڵیا، کە رێگریی دەکات لە کۆچی نایاسایی بیانییەکان بەرەو سوریا، نوێنەری وڵاتانى ئەمریکا و فەرەنساش هۆشداریی دەدەنە ئیدارەکەى شەرع، بیر لەوە نەکاتەوە پۆست و پلەی سەربازی بداتە جیهادییە بیانییەکانـ یاخود لەریزی سوپا جێیانبکاتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
21 ملیۆن کەس سەردانی پزیشکیان نەکردووە
کەمال مەمیشئۆغڵو وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند، ساڵی پار لە تورکیا و باکووری کوردستان بە تێکڕا 220 ملیۆن کەس داوای بینینی پزیشکیان کردووە لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا.
لەو ژمارەیەش 20.8 ملیۆنیان لەکاتی خۆیدا نەچون بۆ لاى پزیشک.
گوتیشی، ئەوانەى داوای بینینی پزیشک دەکەن لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا 45٪یان لەماوەی سێ رۆژدا دەتوانن پزیشک ببینن.
سۆزجو
11 ملیۆن کەس بێکارن
بە گوێرەى نوێترین راپۆرتی دەزگای ئاماری تورکیا، لە سەرەتای 2025 دا لە تورکیا و باکووری کوردستان بە تێکڕا 11 ملیۆن کەس بێکارن.
دەزگای ئاماری تورکیا راشیگەیاندووە، تەنها لەماوەى یەک مانگدا بە بەراورد لەگەڵ مانگی رابردوو سێ ملیۆن و 72 هەزار کەس بێکار بوون.
قەرار
سێ پارتی سیاسیی یەکیانگرت
سێ پارتی سیاسیی بڕیاریاندا لە پەڕلەمان بە یەک فراکسیۆن بەشداریی کۆبونەوەکان بکەن، هەریەک لە دێڤا پارتی، پارتی ئایندە و پارتی سەعادەت بڕیاریاندا لەژێر بەرەیەکی نوێدا بەناوی رێگەى نوێ لە پەڕلەمان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن. ئەم سێ پارتە جەلال مومتاز ئاکنجی-یان وەک سەرۆکی بەرەکە راگەیاندووە و ئامانجیان ئەوەیە نوێنەرایەتی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی راستڕەو بکەن.
یەنی شەفەق
زیانی ئاگرەکەی ئەمریکا 150 ملیار دۆلارە
چەند رۆژێکە بەهۆی کەوتنەوەى ئاگرێک لە لۆس ئەنجڵس تائێستا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدانی دیکە بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە لە نەخۆشخانەکان خەوێنراون.
بەگوێرەى زانیارییە فەرمییەکان دوو کەس بە تۆمەتی کەوتنەوەى ئاگرەکە دەستگیرکراون. بەهۆی تەشەنەسەندنی ئاگرەکەوە نزیکەى 10 هەزار خانوو و شوێنی کار بە تەواوی سوتاون.
زیانی ئاگرەکە بە 150 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
بێکاری لە کرماشان یەک هێندە ونیو لە تێکڕای ئێران زیاترە
رێژەی بێکاری لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا لە تێکڕای ئێران زیاترە.
بە گوێرەی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی بێکاری لە کرماشان لە پاییزی ئەمساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی 12٪ کە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تێکڕای بێکاری لە ئێراندا نزیکەی ٪7 بووە. کرماشان لە دوای پارێزگای بەلووچستان و خوزستان سێیەم پارێزگایە کە زۆرترین رێژەی بێکاریی تێدایە.
خوب
عێراقچی: ئێران پاڵپشتی لە دەستپێشخەریەکانی عێراق لە ناوچەکە دەکات
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ئەلعەهدی عێراق جەختی لەوە کردەوە، کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی لە بڕیارە ناوخۆییەکانی عێراق و دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە.
لە سەروبەندی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران، عێراقچی گوتی، عێراق وڵاتێکی بەهێزە و بڕیارەکانی لە ناوچەکەدا دەبیسترێت.
هەروەها ستایشی رۆڵی ئەرێنی و کاریگەری عێراقی لە رێبازی دیپلۆماسی و سەقامگیرکردنی ناوچەکە کرد.
ئەبرار
هەناردەی کارەبای ئێران بۆ عێراق دەستیپێکردەوە
عەلی فازل، وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، هەناردەی 625 مێگاوات کارەبای ئێران بۆ عێراق دەستی پێکردووەتەوە.
ئەمەش لە کۆی گشتی 1200 مێگاواتە کە مانگێک لەمەوبەر بڕابوو.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم دەستکەوتە لەدوای هەوڵە دیپلۆماسییە بەرفراوانەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران بەدیهاتووە.
وەزیری کارەبای عێراق هەروەها ئاماژەی بەوەدا که شانده عێراقییەکه راپۆرتێکی وردی لەبارەی پێداویستییەکانی غازی عێراقی بۆ هاوینی داهاتوو پێشکەش به ئێران کردووە و هەردوولا لەسەر دابینکردنی وزه و غاز نووسراوەیان واژۆ کرد.
ئەسکناس
زەریف: ئاگرکەوتنەوەکەی ئەمریکا غەزەمان بیردەخاتەوە
محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ستراتیژی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، وێنە تاڵەکانی ئاگرکەوتنەوەی کالیفۆرنیا وێرانکارییەکانی غەزەمان بیردەخاتەوە.
زەریف دەڵێت ،هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی کالیفۆرنیا کە هەموو شتێکیان لەدەستداوە تەنیا لەپێناو مرۆڤایەتییه.
گوتی، ئاگرکەوتنەوە گەورەکەی شاری لۆس ئەنجلێس کە سێ رۆژ لەمەوبەر دەستیپێکرد، لە ئێستادا زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و زیاتر لە 137 هەزار کەسی ناچارکردووە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و ئەوەش وێنا کردنی غەزەیه.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
وەزیری دارایی دەڵێت بەریتانیا پێویستی بە چینە
رەیچڵ ریڤز وەزیری دارایی بەریتانیا دەڵێت، هەرگیز فەرامۆشکردنی پەکین بژاردەیەکی باش نییە.
بە گوتەی ئەم وەزیرە، بەریتانیا بۆئەوەی ئابوریی خۆی پتەوبکات، جگە لە مامەڵەکردن لەگەڵ چیندا بژاردەیەکی تری لەبەردەستدا نییە. چونکە بازاڕەکانی بەریتانیا چاوەڕوانی ئەوە دەکەن لەمساڵدا تەنها یەک پلە رێژەی سوود بێتەخوارەوە.
دوێنێ وەزیری دارایی گەیشت بە پەکینی پایتەختی چین، وەک هەوڵێک بۆ چارەسەری ئەو پرسەی کە جارێکی تر نرخی پاوەند لەبەرامبەر دۆلاردا پاشەکشەی کردووە و قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەرشانی حکومەتیش لە 27 ساڵی رابوردوو زیاتر بوون.
دەیلی تەلەگراف
بەریتانیا چەند ملیارێک لە بودجەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەبڕێت
رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف زانیاریی وەرگرتووە، کە داونینگ ستریت خەریکی ئامادەکارییە بۆئەوەی چەندان ملیار پاوەند لە بودجەی تەرخانکراو بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت ببڕێت. ئەمە دەبێت بە بەشێک لە پلانێک کە حکومەت دەیەوێت گرفتی قەیرانی دارایی پێ چارەسەربکات.
پسپۆرە ئابوریناسەکان پێیانوایە کە دەبێت، بڕێکی بەرچاو لە بودجەی هاوکاری ژیانی هاوڵاتیان کەم بکرێتەوە، ئەمە ئەو بودجەیەیش دەگرێتەوە، کە پێیدەگوترێت بودجەی تەرخانکراو بۆ سەربەخۆبوونی تاکەکەسی(پی ئای پی).
بودجەی پی ئای پی، ئەو داهاتە مانگانەیە، کە بۆ کەسانی پێگەشتوو تەرخاندەکرێت، کە ئەرکی خێزانیان لەسەرە، بەڵام خۆیان بەهۆی کەم ئەندامبونیانەوە ناتوانن کاربکەن، حکومەت هاوکارییان دەکات، ئەم مووچەیە لە ناوچەکانی وێڵز و ئینگلتەرە و ئێرلەندەی باکور بەردەستە، بەڵام بە خەڵکی سکۆتلەندە نادرێت.
ئێف تی ویکئەند
ژمارەی قوربانییەکانی ئاگرەکەی کالیفۆرنیا بەرزتردەبێتەوە
لە ناوچەی وێست هیڵز کارمەندانی ئاگر کوژێنەوە بە گژ بڵێسەی ئاگردا دەچن.
کڵپەی ئاگرەکەی ئەم هەفتەیە چەندان شوێن و ناوچەی سنوری کالیفۆرنیای کرد بە سووتوو.
ئەم ئاگرە تائێستا بەلای کەمەوە 10 کەسی کوشتووە. 180هەزار کەسیشی ناچارکردووە ئاوارە ببن.
هەزاران خانو و بینای جیاوازی سوتاندووە. هەتا ئێستاش نازانرێت هۆکاری کەوتنەوەی ئەم ئاگرە گەورەیە چی بووە.
شارەزایانی ژینگە ناسی هۆشداری دەدەن ئاگری تری لەمشێوەیە بکەوێتەوە و زیان بدات.
ئیندیپێندەنت
سەرکردەیەکی ریفۆرمخوازی بەریتانیا پارە لە ئێکس وەردەگرێت
نایجڵ فاراجی سەرکردەی ریفۆرمخوازەکانی بەریتانیا تۆمەتبارکرا بەوەی کە سوودی لە بەرنامەی (داهاتی داهێنەران)ـی ماڵپەڕی ئێکس وەرگرتووە، لەسەر ئەو گوتارە رقهەڵگرانەی لەسەر ماڵپەڕی ئێکس بڵاویکردونەتەوە، بۆ هەر گوتارێک پارەیەکی وەرگرتووە، کە لە پێنج هەزار پاوەند کەمتر نییە.
نایجڵ فاراج و لی ئەندەرسن، دووانن لە ئەو سێ ئەندام پەرلەمانەی بەریتانیا کە گوتاری رقهەڵگرانەیان لەسەر پلاتفۆرمەکەی ئیلۆن مەسک دابەزاندووە و بەو هۆیەشەوە دەیان هەزار پاوەندیان وەرگرتووە. سەرچاوەیەکی ئاگاداری سەر بە پارتی کرێکاران راستیی ئەم باسەی بۆ ئەم رۆژنامەیە دووپاتکردۆتەوە و گوتویەتی، مەبەستی ئەو ئەندام پەرلەمانانە لە بڵاوکردنەوەی ئەم گوتارانە پەرتکردنی کۆمەڵگەی بەریتانییە. پارەشی لەسەر وەردەگرن.