زووم..
نوێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بەشداری کۆبوونەوەکەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر ناکەن کە تایبەتە بە پرسی مووچە.
دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لەبارەی هۆکاری بەشدارینەکردنیان بە زوومی گوت، هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق لەگەڵ بەڵێنەکانیان راست نەبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، بۆیە لە کۆبوونەوەکە ئامادە نابن.
هاوکات سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە زوومی هەولێری راگەیاندووە ئەگەری هەیە بەشداری کۆبوونەوەکە نەکات.
سۆران عومەر بۆ میدیای حزبەکەی پشتڕاستکردووەتەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکە ناکات و گوتووشیەتی، هەموو خەڵکی هەرێم دەزانێت بەغدا زیاتر لە 11 ترلیۆن دینار پارەی بۆ موچەی 12 مانگ ناردووە، بەڵام موچەیەکی ساڵی 2024یان نەداوە بە مووچەخۆران.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێم ئێوارەی ئەمڕۆ هەیینی 10-01-2025 رایگەیاند، سبەینێ شەممە ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی نائاسایی، بە ئامادەبوونی وەزیرە کوردەکانی حکومەتی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پرسەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرە کوردەکانی حکومەتی هەرێم ئامادە دەبن.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بە زوومی گوت، پرسە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، مووچەی مانگی 12 و بودجەی عێراق تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبن.
لە دوایین کۆبوونەوەی ئاساییدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغداد لە کۆی 11 ترلیۆن و 576 ملیار دیناری مووچە، تەنها 10 ترلیۆن و 752 ملیار دیناری ناردووە، چاوەڕوان دەکەن حکومەتی فیدڕاڵ ئەو کورتهێنانەی هەیە پڕی بکاتەوە، دابەشنەکردنی مووچەی مانگی 12ـی خستە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق.
کۆبوونەوەکە، دوای سەردانی مەسرور بارزانی و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دێت بۆ تورکیا، کە دوو رۆژ دواتر بافڵ تاڵەبانیش لەگەڵ شاندێکی تورکی لە بەغداد کۆبوەوە.
یەکێک لە تەوەرەکان پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت دەبێت، مەسرور بارزانی پێش سەردانەکەی لەگەڵ یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کرد.