زووم..
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی دۆخی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژاڤا و چەند بابەتێکی دیکەی ئاشکراکرد.
مەزڵوم عەبدی دەڵێت، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا ئەرێنی بووە و بەشێک دەبن لە سوپای سوریا.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە باسی لەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا هیچ بانگهێشتنامەیەکی فەرمییان بۆ بەشداریکردن و بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانیی سوریا پێنەگەشتووە، داواش دەکات، ئەگەر کۆنفرانسەکە کرا، هەموو پێکهاتەکان بەشداری تێدا بکەن.
عەبدی لەباری هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژاڤا گوتوویەتی، ئەوان پێچەوانەی تورکیا، پابەندن بە ئاگربەستەوە، بەڵام ناچارن بەرگری لە خۆیان بکەن لەو هێرشانەی دەکرێتە سەریان.
لەبارەی جموجۆڵەکانی داعشەوە، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەمریکا هەماهەنگن لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و هەوڵەکانیشیان لەوبارەوە چڕ کردووەتەوە و لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریاش هەماهەنگیان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەیە.