زووم..
سەرچاوەیەک لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی بەزوومی راگەیاند، چیدیکە لەنێو شاردا مەفرەزە بۆ ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دانانرێت.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەکە، بابەتی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لەدەست یەکەی ئیداری پارێزگای سلێمانیدا نییە و خراوەتە دەستی حزبەوە.
رۆژی دووی مانگی رابردوو راگەیەندراوێک بە ناوی لیژنەی ئەمنیی سلێمانییەوە دەسەڵاتی دایە مەفرەزەکان ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بگرن، دوای چەندین خۆپیشاندانی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان و دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی، دوێنێ پێنجشەممە بە بڕیارێکی حزبی ئەو ئۆتۆمبێلانە گەڕێندرانەوە سەر شەقامەکان.
رۆژی 23ـی مانگی رابردوو سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زوومی راگەیاندبوو، ساڵی داهاتوو، واتە ئەمساڵ، کۆد بۆ ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەکرێت، بەو مەرجەی هەر ئۆتۆمبێلێک ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بدات و ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل کۆنی بۆ بمرێنێت.
لەماوەی رابردوودا زووم لە زاری سەرچاوەیەکی باڵاوە بڵاویکردەوە کە دوای سەری ساڵ کۆد بۆ ئوتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەکرێت