زووم..
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، پەکەکە پەوەندییەکی فراوانی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان هەیە و هێشتا نازانرێت گوێڕایەڵی بانگەوازی ئۆجالان دەبن بۆ چەک دانان یاخود نا.
هاکان فیدان لەمیانەى کۆنفڕانسی رۆژنامەوانیی ساڵانەى وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتی، “لە رابردوودا ئەزمونمان لەگەڵ پەکەکە هەبووە بۆ چەکدانان بەڵام ئەوان بە پاساوی سوریا ئامادە نەبوون چەک دابنیێن و ئێستا نازانین لەو بارەیەوە کاردانەوەیان لەسەر پەیامەکانی سەرۆکەکەیان چۆن دەبێت.”
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی رۆژاڤاشەوە قسەی کرد و بە توندی دژی ئەو دەستپێشخەرییە قسەی کرد کە لەلایەن ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر راگەیاندرا کاتێک گوتی، رەنگە فەرەنسا هێز بۆ رۆژاڤا بجوڵنێت.
ئیلهام ئەحمەد لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ کەناڵی تیڤی 5 مۆندێی فەرەنسا رایگەیاند، “رەنگە ئەمریکا و فەرەنسا تەواوی سنوری (باکوری سوریا) بپارێزن، ئێمە ئامادەین بۆ ئەم هاوپەیمانێتییە.”
هاکان فیدان لەبارەی ئەم دەستپێشخەرییەوە فەرەنسای بە وڵاتێکی “بچوکی ئەوروپی” وەسفکرد و گوتی: لەگەڵ ئەو وڵاتانە مامەڵە ناکەین کە خۆیان لەپشت هێزی ئەمریکاوە دەشارنەوە.