زووم..
خۆپیشاندانی خەڵکی ڤەنزوێلا دژی خولی سێیەمی سەرۆکایەتیی مادۆرۆ بەردەوامە، هاوکات ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرکردەیەکی دیاری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەسەرکرانی لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا، ئازادکرا.
گردبوونەوەکە لەلایەن بزووتنەوەی “بەرەو پێشەوە بۆ ڤەنزوێلا” بە سەرۆکایەتیی ماچادۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستبەکاربوونەوەی مادۆرۆ رێکخرابوو.
ئەم رێبەرە ژنە ناڕازییە کە لە ماوەی چەند مانگێکدا بۆ یەکەمجار لەبەردەم خەڵکدا دەرکەوت، پێشتر بەهۆی هەڕەشە و سەرکوتی توندی حکومەتەوە خۆی حەشاردابوو.
ناوبراو لە ساڵی رابردووەوە بە نهێنی دەژیا بۆ ئەوەی لە دەستگیرکردن و هەراسانکردن لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دوور بکەوێتەوە.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بریکارەکانی حکومەت لەکاتی دەستبەسەرکردنی ماچادۆ و هاوڕێکانی تەقەیان کردووە.
نەیارانی مادۆرۆ لە سەروبەندی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماردا خۆپیشاندانی بەرفراوانیان لە سەرتاسەری وڵات ئەنجامدابوو بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر مادۆرۆ.