زووم..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان:
عەرەب نیوز
لە شەڕەکانی باکووری سوریا 37 کەس کوژران
سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە، کە رۆژی پێنجشەممە لە ناوچەی مەنبەجی باکوری سوریا شەڕ و پێکدادان لە نێوان گروپەکانی سەر بە تورکیا و هێزە کوردییەکان روویدا و بەهۆیەوە لانیکەم 37 کەس کوژراون.
زۆربەی قوربانییەکان لە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بوون، بەڵام شەش ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات و پێنج هاوڵاتیی مەدەنیش لەنێو کوژراوەکاندا بوون.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: لە مانگی رابردووەوە زیاتر لە 322 کەس بەهۆی پێکدادانەکانی ناوچەی مەنبەجەوە گیانیان لەدەستداوە. ئەم پێکدادانانە بەهۆی ئەوە دەستیان پێکردووەتەوە کە گروپەکانی سەر بە تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر هێزە کوردییەکان.
سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی ئاگربەست، شەڕ بەردەوامە و ژمارەی کوژراوان لە هەڵکشاندایە.
فاینەنشیاڵ تایمز
ئیلۆن ماسک هەوڵدەدات پێش هەڵبژاردنی داهاتوو ستارمەر لە پۆستەکەی دووربخاتەوە
ملیاردێر و خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس ئیلۆن ماسک بە شێوەیەکی تایبەت باسی لە چۆنیەتی دوورخستنەوەی کەیر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کردووە بەر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو. ئیلۆن ماسک هەوڵ دەدات حکومەتی پارتی کرێکاران لاواز بکات و پشتگیری لە پارتە سیاسییە ئەڵتەرناتیڤەکان بکات لە بەریتانیا.
ماسک لە رێگەی سۆشیال میدیای خۆیەوە رەخنەی توندی لە حکومەتی ستارمەر گرتووە و ئەگەری هەیە پشتیوانی لە بزووتنەوە سیاسییە راستڕەوەکانی وەک پارتی چاکسازی بەریتانیا بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ماسک چەندین جار حکومەتی ستارمەری بە سیاسەتی هەڵە و بەڕێوەبردنی خراپ تۆمەتبار کردووە و ستارمەر ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە سیاسەتەکانی حکومەتەکەی لە بەرژەوەندی گشتیدایە.
ئەم پێشهاتانە گوشارەکانی لەسەر حکومەتی پارتی کرێکاران بەر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو زیاد کردووە.
ئۆرشەلیم پۆست
سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر توانا سەربازییەکانی سوریا
سوپای ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، کە بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر توانا سەربازییەکانی سوریا. هێرشەکان لەناوبردنی کۆگاکانی چەکی کیمیایی و مووشەکی دوور مەودا و کەرەستەی دیکەی لەخۆ گرتووە.
ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانەیە کە رژێمی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی دروستی دەکات.
گاردیەن
گەرمبوونی جیهان بەرزترین ئاستی تۆمارکرد
بە گوێرەی دوایین داتاکان، ساڵی 2024 گەرمترین ساڵ بووە کە تۆمارکراوە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما رووداوە توندەکانی کەشوهەوای وەک شەپۆلی گەرما و بارانبارینی بەخوڕ و ئاگرکەوتنەوەی بەرفراوان چڕتر کردووەتەوە.
بۆ یەکەمجارە تێکڕای پلەی گەرمی جیهانی لە ئاستێکی 5.1 پلەی سەدی تێپەڕی کە لە رێککەوتنی پاریسدا دانرابوو.
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە قەیرانی کەشوهەوا بە خێراییەکی زۆرتر بەرەوپێش دەچێت و لێکەوتەکانی بۆ کۆمەڵگا مرۆییەکان و ژینگە زۆر جددین.
هۆکاری سەرەکی ئەم بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییە سووتانی سووتەمەنیی نەوتینە. زانایان هۆشداری دەدەن لەوەی بەردەوامبوونی رەوتەکانی ئێستا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی قەیرانی کەشوهەوا و زیانەکانی قەرەبوو ناکرێنەوە.
رۆژنامە تورکییەکان:
سۆزجو
خەرجییەکانی کۆشکی کۆماری لەماوەى پێنج ساڵدا هەشت هێندە زیادکردووە
دەستگرتنەوە و کەمکردنەوەى خەرجییەکان بەلاى کۆشکی کۆماریدا ناچێت. بەگوێرەى راپۆرتەکان خەرجییەکانی کۆشکی کۆماریی لەماوەى پێنج ساڵدا هەشت هێندە زیادکردووە
لە ساڵی 2024 دا خەرجی 11 مانگی پاسەوانەکانی کۆشکی کۆماری دوو پۆینت یەک ملیار لیرە بووە واتە مانگانە خەرجی پاسەوانەکان 197 ملیۆن لیرە بووە.
خەرجی یەک رۆژی دوو هەزار و 500 کەس شەش پۆینت حەوت ملیۆن لیرە بووە.
لە ماوەى 11 مانگدا کەمترین بڕە مووچە خەرج کراوە.
تورکیا
ئۆجالان سێ بانگەواز بۆ دانانی چەکەکان دەکات
وابڕیارە لەماوەیەکی کەمدا عەبدوڵا ئۆجالان سێ بانگەواز بۆ دانانی چەک لە پەکەکە بکات. یەکیان بۆ قەندیل یەکیان بۆ ئەوروپا و یەکی دیکەیان بۆ باڵی پەکەکە لە سوریا دەکات.
لەلایەکی دیکەوە تورکیا پێداگیرە لەوەى بە زووترین کات پەکەکە لە خاکی سوریا بکشێتەوە بۆ ئەو مەبەستە ئەنقەرە لیستی سەرکردەکانی پەکەکەی لە سوریا داوە بە ئیدارەى نوێی دیمەشق تاکوو داوایان لێبکات بە زووترین کات سوریا بەجێبهێڵن.
ئاکیت
لە مانگێکدا 52 هەزار پەنابەری سوریی گەڕاونەتەوە
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لەپاش رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد و لەماوەى یەک مانگدا 52 هەزار و 622 پەنابەری سوریی گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.
یەرلیکایا راشیگەیاندووە چاوەڕێ دەکرێت لەمساڵدا رێژەى گەڕانەوەى پەنابەرە سورییەکان زیادبێت.
تورکگون
لە تورکیا 161 پارتی سیاسیی بە فەرمی هەن
دامەزراوەى باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند: بۆ ساڵی 2025، لە تورکیا و باکوری کوردستان 161 پارتی سیاسیی ناویان لە دامەزراوەی باڵاى هەڵبژاردن تۆمار کراوە. ئەم پارتانە فەرمین و سەرجەمیان چالاکی سیاسییان هەیە.
دامەزراوەى باڵای هەڵبژاردن راشیگەیاندووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو تەنها 38 پارتی سیاسیی مەرجی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن هەیە.
یەنیچاخ
هەڵاوسان لە تورکیا لە هەڵاوسانی 190 وڵات زیاترە
بەگوێرەی راپۆرتەکان رێژەى هەڵاوسان لە تورکیا بۆ ساڵی 2025 لە رێژەى هەڵاوسانی 190 وڵاتی دیکە بەرزترە.
سەندیکاکانی خانەنشینان و کرێکاران بەنیازن لەدژى بەرزبونەوەى رێژەى هەڵاوسان لە تورکیا درێژە بە خۆپیشاندانەکانیان بدەن.
رۆژنامە عەرەبییەکان:
شەرقلئەوسەت
عەون بووە سەرۆک
پەرلەمانى لوبنان، فەرماندەى سوپای بە سەرۆکى وڵات هەڵبژارد و بە دەنگی 99 پەرلەمانتار، لە کۆی 128 پەرلەمانتار، دوای دوو ساڵ و دوو مانگ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى کۆماری لە بەرژەوەندیی جۆزێف عەون یەکلاکردەوە.
خەونی عەون دەوڵەتى بەهێز و چاکسازییە بۆ لوبنانییەکان، دوای چەند ساڵێک لە بۆشایی سەرۆکایەتى کۆمار و چەندین قەیران کە بەرۆکى لوبنانییەکانى گرتووە.
قودسی عەرەبی
ئیسرائیل لە کەوتنى ئەسەدەوە 1%ـی سوریای داگیرکردووە
سوپای ئیسرائیل دوای کەوتنى رژێمەکەى بەشار ئەسەد لە سوریا، پانتاییەکى فراوانى لە بەرزاییەکانى جۆلان و بەرزترین ناوچەکانى چیای جەبەل شەیخ کە دەڕوانێت بەسەر سوریا و لوبنان و ئوردن و فەلەستین داگیر دەکات.
چەندین شارو شارۆچکەی سوریاشی بەدرێژایی ناوچە سنوورییەکانى لەگەل ئەو وڵاتە کۆنترۆڵکردووە، ئەمە سەرەڕای وێرانکردنى بەشی هەرەزۆری ژێرخانە سەربازییەکانى سوریا.
بەگوێرەى سەرچاوەکان کە بۆ رۆژنامەى قودسی عەرەبی دواون، ئیسرائیل ٦٠٠ کیلۆمەتر دووجای خاکى سوریای داگیرکردووە، کە دەکاتە ١%ـی خاکى ئەو وڵاتە.
عەرەبی جەدید
سوریا چەک کۆدەکاتەوە
ئیدارەى نوێی سوریا بەردەوامە لە کۆکردنەوەى چەکى دەست گرووپ و میلیشیا چەکدارییەکانی سوریا، لە پارێزگا و ناوچە جواروجۆرەکانى سوریا، بەڵام هێزەکانى سوریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە، لەم دۆسیەدا بوونەتە بەربەستى بەدەم ئیدارە نوێیەکەى سوریا.
ئەوان ئامادەى رادەستکردنى چەک نیین و سورن لەسەر ئەوەى ناوچەکانى باکووری سوریا لە باکوری رۆژهەڵاتى ئەو وڵاتە و پارێزگاکانى رەقە و دێرەزوور و حەسەکە هەندێک ناوچەو گوندەوارەکانى حەلەب لەژێر جڵە و کۆنترۆڵی ئەواندا بمێننەوە و دان بنرێت بە ئیدارەى خۆسەر.
عەرەب
قەتەر بە پارەدارکردن هەژموونى خۆی لە سوریا دەسەپێنێت
قەتەر لە گەڵ ئیدارەی نوێی سوریا پلانێکی هەیە بۆ پارەدارکردنى ئەو وڵاتە، بۆ زیادکردنی مووچەى کەرتی گشتی دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد.
قەتەر لە رێگەی تەواوکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەکان و پارەدارکردنى سێکتەرەکانى حکومەت و کەرتى گشتی، دەیەوێت هاوسۆزی سوریاییەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت، ئەوەى قەتەر دەیکات بۆ زیادکردنی پێگەى جەماوەریی هاوپەیمانە ئیسلامییەکانییەتی.
قەتەرییەکان بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ تورکیا، کاردەکەن بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لەو بارودۆخی نوێی سوریا وەربگرن بۆ سەپاندنى هەژموونى خۆیان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سوریای دوای کەوتنى رژێمى ئەسەد.