زووم..
جموجوڵەکانی تورکیا خێران، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی و شاسوار عەبدولواحید، بڕیارە شاندێکی تورکیا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆببێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم کە لە سەرچاوەیەکی بەغدادەوە دەستی کەوتووە، بڕیارە شاندێکی ئەمنی و دیپلۆماسی تورکیا لە بەغداد لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆببێتەوە.
زووم دەزانێ، باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد و بەرپرسێکی باڵای ئەمنی و هەواڵگری لە شاندەکەی تورکیا بەشدارن.
ئەم کۆبوونەوەیە دواى ئەوە دێت، سێشەممەی رابردوو مەسرور بارزانی و شاسوار عەبدولواحید سەردانی ئەنقەرەیان کرد و لەوێ باسیان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و دۆخی سوریا کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، کۆبوونەوەکەی بافڵ تاڵەبانی و شاندەکەی تورکیاش بۆ هەمان مەبەستە و تورکیا دەیەوێت لەرێی ئەم سێ حزبەوە پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێوە، فشارەکانی لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان زیاتر بکات و میدیاکانیان پشتیوانی لە رۆژاڤا نەکەن.
سەرەتای ئەم هەفتەیە لە سلێمانی چەندین دەزگای میدیایی و رێکخراوی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان داخران و ئاگادارکراونەتەوە کە نابێت چالاکییان هەبێت.