زووم..
لە ساڵی 2006 دا ئەو کاتەی جاک شیراک سەرۆک کۆماری فەرەنسا بوو، بەرپرسی بازرگانی یەکێتی ئەوروپا پیاوێکی فەرەنسی بوو بە ناوی ئێرنست ئەنتۆین. ئێرنست لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی ئەوروپادا، راپۆرتی ساڵانەی دارایی دەخوێندەوە. بەرپرسی بازرگانی کە فەرەنسی بوو، گووتی زمانی بازرگانی ئنگلیزیە لەبەر ئەوە بە ئنگلیزی راپۆرتەکە دەخوێنمەوە. جاک شیراک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، وەک دەربڕینێکی ناڕەزایی، بەیەکەوە هۆڵەکەیان بەجێهێشت.
ئەم نموونەیەم هێنایەوە بۆ ئەوەی کە روونی بکەمەوە پاراستنی زمان و فەرهەنگ چۆن لە هەموو جیهاندا و لە چ ئاستێکدا بە هەند وەردەگیرێت. پاراستنی زمان و فەرهەنگ ئەرکی سەرشانی هەموومانە بەڵام ئەو ئەرکە زۆر گەورەترە بۆ ئەوانەی لە پێگەی بەرپرسیاریدان. پەیامی جاک شیراک و وەزیرەکەی ئەوەبوو کە زمان و فەرهەنگمان گرنگە و دەبێت بە بایەخەوە سەیری بکەین.
لەم ڕۆژانەدا چەند پەڕەیەکی پەرتووکی پەروەردەی ئیسلامی پۆلی دووهەمی سەرەتایی کەوتۆتەڕوو. لەو پەرتووکەدا کە بە زمانی کوردی نووسراوە، ناوەکانی یڵدرم، دەنیز و یاغمور بەکارهاتوون. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمە پەروەردەی ئیسلامیە یان پەروەدەی تورکی؟ ئەگەر پەروەردەی ئیسلامیە لە کوردستان دانراوە یان لە تورکیا و کێ دایناوە؟
کە منداڵ بووین ئێمە ئەو کات کە بەعسیەکان لەسەر حوکم بوون، لە وانەی کوردیدا بە ناوەکانی وەک مام زۆراب و دارا رادەهێنراین. ئەوانەی ئەو پەرتووکەیان دانابوو ئامانجیان ئەوەبوو کە منداڵی کورد فێری خوێندنی کوردی و ئاشنای بکەن بە ناوە کوردیەکان و فەرهەنگەکە. ئەمڕۆ دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ، بە پارەی ئەم میللەتە و لەسەر ئەرکی خۆمان لە رێگای زمانی کوردی خۆیەوە منداڵەکانمان هەر لەو تەمەنەوە بە ناوە تورکیەکان رایان دەهێنین.
هەندێک لەوانەی کە هزر داگیرکراون، گورج ئەمە بە رەگەزپەرستی لەقەڵەم دەدەن. بەڵام سەرکردەی وڵاتێکی دیموکراسی کۆبوونەوەیەکی گرنگی بەجێدەهێڵێت لەبەر خاتری رێز بۆ زمانەکەی و کەسیش پێی نەگووت رەگەزپەرستیت.
ئەمڕۆ لە وڵاتی پۆڵۆنیا کە ترسیان لە رووسەکان هەیە، حکومەتی پۆڵەندی هەرزەکارەکانی وڵاتەکەی بە پێچەوانەی رێساوە فێری بەکارهێنانی چەک کردووە وەک خۆئامادەکردنێک بۆ ئەگەری هاتنی رووسەکان.
ئێمە لە پێنج وڵاتدا هەوڵی توانەوە و لەناوبردنی زمانەکەمان دەدرێت. سەرەڕای ئەوە بە پارە و لەسەر ئەرکی خۆشمان برەو بە زمان و فەرهەنگی تورکی دەدەین. لە کاتێکدا بۆ دەیان ساڵ لە وڵاتی تورکیا هەزاران کورد تووشی زیندانی بوون تەنها لەبەر ئەوەی کە بە کوردی قسەیان کرد. ئەحمەد کایا خەریک بوو لە ناو هۆڵێکدا بیکوژن هەر تەنها لەبەر ئەوەی کە گووتی من کوردم و بە کوردی گۆرانی دەڵێم.
لە هەموو کردەوەیەک کە لە سیستمی هەر وڵاتێکدا دەکرێت، کەسێک بەپرسیارە لەو کردارە. ئەمە لە وڵات و شوێنێکی ئاساییدا دەبوو پەرلەمانێک هەبووایە قسەی وردی لەسەر ئەم بابەتە هەستیارە بکردایە. دەبوو میدیا بە گشتی قسەی جدیان لەسەر ئەم بابەتە بکردایە و دیبەیتیان دروستبکردایە. بەڵام سیستمەکەیان وا تێکداوە، وڵاتەکەش بە تەواوی بفرۆشرێت، کەس نیە بەرپرسیاری هەڵبگرێت!
پرۆسەی گۆڕینی هزری منداڵی کورد لە مام زۆرابەوە بۆ یڵدرم، بە پارە و پشتگیری خۆمان دەکرێت، لە کاتێکدا کە پەرلەمان و میدیا بەگشتی لێی بێدەنگن!