زووم..
لە کارکردن لە هەردوو پرۆژەی شوێنەواری لە گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان، لە سنووری ناحیەی ڕۆڤیاى پارێزگەی دهۆك، دوو شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و جۆرە گۆزەیەك دۆزرانەوە، كە تەمەنیان بۆ حەوت تا هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، شوێنەوارناسانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی، دوای كاركردنیان لە پرۆژەی كانی ئەسپەهان، جۆرە گۆزەیەك بۆ بەکارهێنان و خاوێنكردنەوەی گەنمیان دۆزییەوە، كە تەمەنی ئەو گۆزەیە بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
هەروەها لە پرۆژەی شوێنەواری “گرێ ئاسنگەران”يش، دوو ژووری نیشتەجێبوونی مرۆڤ دۆزرانەوە، كە شێوەیان لاكێشەیین و بەپێی توێژینەوەكان، ئەو ژوورانە هی كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەی ئەو سەردەمە بوون.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەشڵێت، بەگوێرەی ئەو توێژینەوە شوێنەوارییانەی بۆ هەردوو پرۆژەكە كراون، ئەو دۆزینەوانە ئەوە دەسەلمێنن، كە هەزاران ساڵ پێش ئێستا، ژیانی مرۆڤ لەو سنوورەدا هەبووە و بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە.