زووم..
چاوەڕێ دەکرا لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی لوبنان لە پەرلەمانەوە، جۆزێف عەون فەرماندەی سوپا دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
نەبیهـ بەرری، سەرۆکى پەرلەمانی لوبنان، بۆ دوو کاتژمێر گەڕی دووەمى هەڵبژاردنەکەى دواخست، دوای ئەوەى جۆزێف عەون تەنیا 71 دەنگی لە کۆی دەنگی 128 دەنگی پەرلەمانتار بەدەستهێنا، بەگوێرەی دەستوور سەرۆککۆمار پێویستى بە 86 دەنگ هەیە، کە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران دەکات.
جۆزێف عەون فەرماندەی سوپا و پاڵێوراوى هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکە، کۆدەنگی لایەنەکانی لەسەرە، پێشتر عەون لەلایەن حزبوڵاوە رەتدەکرایەوە، بەڵام لەگەڵ فشارەکانی فەڕەنسا و ئەمریکا، حزبوڵا بە هەڵبژاردنی رازی بووە، بەتایبەت دوای کشانەوەی سلێمان فەرەنجییە کە لەلایەن حزبوڵاوە پاڵپشتی دەکرا.
هەروەها لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی لوبنان، جان ئیف لۆدریان، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی فەڕەنسا ئامادەبوو، لوبنان کە داگیرکراوی فەڕەنسا بووە، هێشتا هەژموونی ئەو وڵاتەی بەسەرەوەیە و لەم قەیرانەشدا هەوڵی زۆریداوە فەرماندەی سوپا بە سەرۆک دیاریبکرێت.