زووم..
پێشمەرگەکانى فەوجی یەکى لیوای 16ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە لە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی 12 بێبەشکران کە ژمارەیان 385 پێشمەرگەیە.
ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانى فەوجەکە بە زوومیان گوت، فەرماندەی فەوجەکەیان بەبێ پرسى هاوپەیمانان گۆڕدراوە و کاتێکیش هاوپەیمانان بە گۆڕانکارییەکەیان زانیوە هاوکارییەکەیان راگرتووە.
ئەو پێشمەرگانە ئەوەشیان بەزووم راگەیاند، فەوجەکانی دوو لەگەڵ سێی لیوای16 ـی پیادە بێکێشە هاوکارییەکەیان وەرگرتووە، لەکاتێکدا بۆ مانگی 11ـی رابردوو بەبێ کێشە هاوکارییەکەی هاوپەیمانانیان پێدراوە.
کاتێکیش بۆ چارەسکردنی کێشەکەیان چوونەتە لای رابەر سیاسی فەوجەکەیان، لەبری ئەوەی بەڵێنی چارەسەری کێشەکەیان پێبدات، پێگوتون مووچەی مانگی 11ـتان وەرگرتووە، هاوکاری چییە.
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتى پێشمەرگە بە زوومی گوت، ئاگادارنین پێشمەرگەکانی فەوجی یەکی لیوای 16ـی پیادە هاوکاری مانگی 12ـی هاوپەیمانانیان وەرنەگرتبێت، بەڵام ئەگەر راگرتنەکەی پەیوەندی بە گواستنەوەی فەرماندەی فەوجەکەوە هەبێت چارەسەری دەکەن.
بەگوتەی سەرچاوەکە، وەزارەت بڕیار لە گۆڕانکاریی نێو لیواکان دەدات و پێویست بە گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانان ناکات.