فلیک ستایشى بەرشەلۆنە دەکات و پێیوایە بەرەوپێشەوەچووە، تۆمارکردنى ناوى ئۆلمۆ و ڤیکتۆریش پاڵپشتییەکى گەورەبووە بۆیان.
دواى بردنەوەکەى بەرامبەر بلباو و سەرکەوتنیان بۆ یارى کۆتایى سوپەرى ئیسپانیا، هانسى فلیکى راهێنەرى بەرشەلۆنە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ستایشى ئاستى بەرزى تیپکەى کرد و پێشیوایە دواى ئەنجامە خراپەکانى پێشوویان بەرەوپێشەوە چووە.
فلیک گوتى: تیپێکمان هەیە بە تەمەنى کەمەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دوو یارییە ئاستێکى ناوازە پێشکەش دەکەین، بینینى ئەمەش شتێکى نایابە، هەرچەندە تەمەنێکى کەمیان هەیە.
فلیک گرنگى بە تیپەکەى دەدات و دەڵێت بۆ پارێزگاریکردن لە یاریزانەکانى لە پێکان چەند گۆڕانکارییەکى لە یارییەکەدا کردووە و زۆریش دڵخۆشە بە ئاستى یاریزانەکانى و بردنەوەکەیان.
باسى لەوەشکرد، تۆمارکردنەوەى ناوى دانى ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر لە تیپى یەکەمى تیپەکەدا هاندانێکى گەورە بووە بۆ ئەوان و دڵخۆشە بۆیان.