زووم..
کوەیت ناڕەزایەتى توندی دەربڕی بەرامبەر ئەو نەخشەیەى کە هەژمارە فەرمییەکانی ئیسرائیل وەک نەخشەی مێژوویی بڵاویانکردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە راگەیەنراوێکدا ئەو هەنگاوەی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد و جەختیکردەوە ئەم جۆرە بانگەشە ناڕاستانە گرژی و ململانێکانی ناوچەکە زیاتر دەکەن و رەنگدانەوەی سیاسەتی ئیسرائیلە کە هەوڵی داگیرکاری دەدات.
کوەیت داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ بکات و رێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کارە نایاساییانە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دەکەن.
هەژمارى ئیسرائیل بە عەرەبی کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلە، نەخشەیەکی مێژوویی ئیسرائیلی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردووەتەوە کە بەشێک لە وڵاتانی ئوردن، لوبنان و سوریا لەخۆدەگرێت.