زووم..
مامۆستایان و خوێندکارانی قوتابخانەی رۆشنبیران لە شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوکاری رێکخراوی سەوزی چیا، هەڵمەتی ناشتنی تۆوی داربەڕوویان بەڕێوەبرد.
ئەم کارە بۆ پێشخستنی کەلتووری پاراستنی ژینگە و پێشخستنی چالاکییە سەوزەکان ئەنجامدرا.
لەم چالاکییەدا خوێندکاران تۆوی دار بەڕوویان لە سەوزاییەکانی قەراخ شارەکەدا ناشت، فێریی شێوازی لێدانی دار و گرنگییەکانی پاراستنی ژینگە کران.
ئامانجی ئەم چالاکییە پەروەردەییە، جگە لە بەشداریکردنی خوێندکاران لە پاراستنی سامانە سروشتییەکان، هۆشیارکردنەوەی منداڵان بوو سەبارەت بە گرنگی دارەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر ژینگە و هەوای تەندروست.
ئەم چالاکییانە هێمان بۆ هەوڵدانی ژینگەدۆستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەمەبەستی پەرەپێدانی کەلتووری ژینگەیی لە نەوەکانی داهاتوودا و هاوکاری ئەرێنی لە نێوان قوتابخانەکان و رێکخراوە ژینگەییەکان نیشان دەدات.