زووم..
بەهرۆز ئیسباتی، جەنەڕاڵێکی باڵای سوپای پاسداران لەبارەی رووخانی رژێمی ئەسەدەوە پێچەوانەی لێدوانە فەرمییەکانی بەرپرسانی ئێران قسەیکرد و رایگەیاند، شکستێکی گەورەیان خواردووە، دەشڵێت، “روسیا بەلاڕێیدا بردین.”
بەهرۆز ئیسباتی، کە لە سوریا سەرپەرشتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئێرانی کردووە، لە گوتارێکیدا لە مزگەوتێکی تاران بەپێچەوانەی بەرپرسانی ئێران قسەیکرد و دەڵێت: زۆر بە خراپی کەوتین و شکستێکی گەورەمان خوارد، نابێت شانازی بەم شکستەوە بکەین.
جەنەراڵەکەی سوپای پاسداران لە 31-12-2024 ئەو گوتارەی داوە و تۆماریی دەنگییەکەی دوێنێ لەنێو میدیای ئێراندا بڵاوبووەوەتەوە. قسەکانی بەهرۆز ئیسباتی لەکاتێکدایە بەرپەرسانی تاران بە گرنگییەوە باسیان لە رووخانی ئەسەد نەکرد و چەندین جار باسیان لەوە کردووە، کەوتنی ئەسەد شکست نەبووە بۆ ئێران.
لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد لە 08-12-2024 عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، لانیکەم دووجار لە گوتاری فەرمیدا ئاماژەی بەوەکردووە، “بەرەی مقاوەمە لە سوریا نەمردووە و گەنجانی سوریا وڵاتەکەیان لەژێردەستی یاخییەکان دەردەهێنن.”
ئەو جەنەراڵەی ئێران لەبارەی روسیاشەوە نهێنی ئاشکراکردووە و دەڵێت، روسیا یارمەتیدەر نەبووە لە بەرگریکردن لە رژێمی ئەسەد.
بەهرۆز ئیسباتی دەڵێت، روسیا ئەوانی بەلاڕێیدا بردووە، چونکە گوتوویانە “فڕۆکەکانمان چەکدارانی دەستەی تەحریری شام بەئامانج دەگرن، بەڵام تەنها لە شوێنی چۆڵیانداوە.”
گوتەکانی جەنەڕاڵەکەی ئێران هاوتایە لەگەڵ راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز کە باسی لەوە دەکرد، روسیا دەستبەرداری رژێمی ئەسەد بووە و وەڵامی داوایەکی بەشار ئەسەدی نەداوەتەوە کە داوایکردبوو هاوکاری بکات لە رووبەرووبونەوەی دەستەی تەحریری شام تاوەکو رژێمەکەی نەکەوێت.
بەهرۆز ئیسباتی باسشی لە کارێکی دیکەی روسیا کردووە و دەڵێت هاوکاری ئیسرائیلی کردووە بۆ هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئێران لە سوریا، ئەوەش بە کوژاندنەوەی رادارەکانی لەماوەی ساڵی رابردوودا.
ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی ناوخۆیی سوریا پێگەکانی ئێران و رژێمی سوریای بەئامانج دەگرت، بەڵام لە ساڵی رابردوودا هێرشە ئاسمانییەکانی چڕترکردەوە و یەکێک لە گەورەترین هێرشەکانی لە 01-04-2024 بوو بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی 14 ئەفسەر و راوێژکاری سوپای پاسداران.
ئەم هێرشە زنجیرەیەک هێرشی دیکەی بەدوایخۆیدا هێنا لەنێوان ئیسرائیل و ئێران و بووە هۆی ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئێران راستەوخۆ بە مووشەک هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
لە گوتارەکەیدا لەبارەی دۆخی سوریاوە، جەنەڕاڵ ئیسباتی باس لە هەوڵی ئێران دەکات بۆ دووبارە سەپاندنەوەی هەژموونی وڵاتەکەی لە سوریا و دەڵێت، “دەتوانین ئەو تۆڕانە کارا بکەین کە چەندین ساڵە کارمان لەگەڵ کردوون و دەتوانین خانەی مقاوەمە پێکبهێنین، وەک چۆن دەتوانین لە مەیدانی نێودەوڵەتی چالاکیمان هەبێت، هەمان شتیش دەتوانین لەوێ بکەین.”