زووم..
ماوەى سێ رۆژە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی دژی تەواونەکردنی جووتسایدی خەلەکان- رانیە، دانیشتووانی سنوورەکە بەشێکی رێگاکەیان داخستووە و رێگە بە هاتوچۆی بارهەڵگر نادەن.
بەشدارانی گردبوونەکە بە زوومیان گوت، کارکردن لە رێگاکە وەستاوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنەکانی بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە جێبەجێ نەکردووە، هەربۆیە لە گوندى باداوان خێمەیان هەڵداوە، مۆڵەتی 72 کاتژمێریان داوەتە حکومەت، ئەگەر بەزوویی چارەسەری رێگاکەیان بۆ نەکرێت، لە 12ـی نیوەڕۆى ئەمڕۆ رێگاکە بە تەواوی دادەخەن و نایەڵن ئۆتۆمبێلی بچووکیشی پێدا بڕوات.
لە ساڵی 2013ـەوە بڕیاری دووسایدکردنی رێگای دووکان – رانیە دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆژەکە تەواونەکراوە، لەکاتێکدا ساڵانە چەندین رووداوی هاتوچۆ لەو رێگایە روودەدەن و دەیان هاووڵاتییش دەبنە قوربانی.