زووم..
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ یەکەمجار باسی کۆبوونەوەی هەسەدە و ئیدارەى نوێی سوریای کرد و رایگەیاند، گفتوگۆکان ئەرێنی بوون.
مەزڵوم عەبدی لەو بارەیەوە قسەی بۆ فرانس پرێس کردووە و گوتویەتی، کۆتایی مانگی رابردوو لە دیمەشق کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لەنێوان سەرکردایەتی هەسەدە و ئیدارەی گشتیی سوریا بەڕێوەچووە، رێککەوتوون لەسەر یەکپارچەیی و پاراستنی خاکی سوریا، هەروەها رەتکردنەوەی هەر پرۆژەیەک هەڕەشە بێت لەسەر دابەشکردنی سوریا.
هەردوولا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی قۆناغی داهاتوو، دوای روخانی رژێمی ئەسەد و چۆنێتی گەڕانەوەی سوریا بۆسەر بناغەیەکی تۆکمە لە رووی ئابووری و ئەمنییەوە.
لەو رووەوە پشتیوانیی هەوڵەکانی ئیدارەی نوێی سوریا دەبن بۆ سەقامگیری سوریا لە پێناو رەخساندنی کەشێکی گونجاوی دانوستانی بونیاتنەر لەنێوان سورییەکان.
هەروەها مەزڵوم عەبدی دەڵێت، ئەرکی ئیدارەی نوێی سوریایە دەستوەردان بکات بۆ ئاگربەست لە تەواوی سوریا.