زووم..
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، توانیویانە ئۆپراسیۆنە فراوانەکەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە بەنداوی تشرین شکستپێبهێنن و لە ئەنجامدا 63 چەکداریان کوژراوە.
هەسەدە لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممەوە بە پاڵپشتی درۆنی تورکیا گروپە چەکدارەکان دەستیانپێکرد بۆ سەر بەنداوی تشرین شکستیهێنا دوای شەڕێکی سەخت کە تا درەنگانی شەوی چوارشەممەی خایاند.
هەسەدە باس لەوەشدەکات، سەرەڕای کوژرانی 63 چەکداری ئەو گروپانە، 37 چەکداری دیکەشیان برینداربوون، ئەو گروپانە هەڵاتوون و کەلوپەلی سەربازی و لاشەی کوژراوەکانیان بەجێهێشتووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە هێرشەکاندا تانکێک، پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی و سێ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی گروپە چەکدارەکان تێکشکێنراون.
دوێنێ چوارشەممە درۆنی تورکیا کاروانێکی مەدەنی لە نزیک بەنداوی تشرین کردە ئامانج کە بۆ پاڵپشتکردنی هەسەدە بەڕێکەوتبوون و لە ئەنجامدا شەش هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا.