زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
روزگار
15 هەزار تاکسی کۆن و بێکەڵک لە ساڵێکدا گۆڕدراون
بەرپرسی نۆژەنکردنەوەی گواستنەوەی ئێران رایگەیاند: لە 12 مانگی رابردووەوە 15 هەزار و 500 تاکسی کۆن و بێکەڵک گۆڕدراون.
مێهران سالاریە گوتی: 385 هەزار تاکسی کۆن لە ئێران هەن، کە مۆدێلیان بۆ 10 بۆ 35 ساڵ دەگەڕێتەوە، ساڵانە ژمارەیان لە زیادبووندایە. لە تاران 42 هەزار تاکسی کۆن و بێکەڵک بوون، کە زیاتر لە نیوەی تاکسییەکانی پایتەخت پێکدەهێنن.
ساڵی رابردوو تەنها 7 هەزار و 300 تاکسی نۆژەنکراونەتەوە، ئەمساڵیش 8 هەزار و 200 تاکسی.
کار و کارگەر
نەوت گۆچانی دەستی ئابوورییە نەخۆشەکەی ئێرانە
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن ناهاوسەنگی بازرگانیی ئێران بە بێ نەوت بەردەوامە و ئابووریی وڵات وابەستەی داهاتی نەوتە.
لە ساڵی 2024، هەناردەی نانەوتیی ئێران 38 ملیار دۆلار و هاوردەی نانەوتیی 45 ملیار دۆلار بووە، 7 ملیار دۆلار لاسەنگی تۆمارکراوە.
رەوتی گشتی لە 20ساڵی رابردوودا پیشاندەدات تەنانەت خستنەڕووی هەناردەی غازیش نەیتوانیووە ناهاوسەنگیی بازرگانیی ئێران بگۆڕێت،و لە ئەگەری توندبوونەوەی سزاکان و نەمانی داهاتی نەوتدا، ئابووری تووشی داڕمان دەبێت.
ئەبرار
تەمەنی توشبوون زەهایمەر لە ئێران بۆ 45 ساڵ دابەزیوه
مەعسومە ساڵحی، سەرۆکی کۆمەڵەی نەخۆشی ئەلزەهایمەری ئێران رایگەیاند: تەمەنی توشبوون بەو نەخۆشییە لە ئێراندا بۆ 45 ساڵ دابەزیوە، تا ئێستا 400 کەسی تەمەن 45 ساڵ تووشی نەخۆشی زەهایمەر بوون .
ساڵحی جەختی لەوە کردەوە کە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا زیانێکی زۆری بە بەساڵاچووان گەیاندووە، فشار و دڵەڕاوکێی لە خەڵکدا زیادکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی خراپتربوونی نەخۆشییەکانی بیرچوونەوە، بەتایبەتی نەخۆشیی زەهایمەر.
هەروەها رایگەیاند کۆمەڵەکە پلانی هەیە خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە نەخۆشەکان بکات، وەک دامەزراندنی سەنتەری وێنەگرتن و کلینیکەکانی دەمار.
ئیقتیسادی میللی
بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە ئێران پێنج هێندە زیادیکردووە
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران باسی لە گەشەسەندنی بەرچاوی بەرهەمهێنانی بەرهەمی کشتوکاڵی لە وڵاتدا کرد و رایگەیاند: بەرهەمی کشتوکاڵی لە ماوەی چەن دەیەی رابردوو لە 25 ملیۆن تۆن گەیشتووەتە 134 ملیۆن تۆن، واتە پێنج هێندە زیادیکردووە.
فەتحی ئاماژەی بەوەدا، کەرتی کشتوکاڵ توانای خۆژیێنی و خۆبەڕێوەبەرییان هەیە.
زیادکردنی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی زانیاری دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە زیادکردنی بەرهەمهێنان.
ناوبراو ئاماژەی بە جیاوازیی شێوازی جووتیارانی گەنم کرد کە جووتیاران دەتوانن بە کەڵک وەرگرتن لە زانستی کشتوکاڵی و شێوازی نوێ، بەرهەمەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکەنەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
بەغداد میوانداریی کۆبوونەوەى پەرلەمانەکانى ئاسیا دەکات
بەغدادی پایتەخت، رۆژی شەممەى داهاتوو میوانداریی کۆبوونەوەی لیژنە هەمیشەییەکانى کاروباری سیاسیی پەرلەمانەکانى وڵاتانى ئاسیا دەکات.
بڕیارە ئەو کۆبوونەوە و میواندارییە دوو رۆژ بخایەنێت، پەرلەمانی 13 وڵات لەو کۆبوونەوەیە بەشداردەبن.
مەحمود مەشهەدانى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی رۆژنامەى سەباح دەڵێت، میوانداری و کۆبوونەوەکەى بەغداد بۆ کاروباری سیاسییە، تایبەتە بەو رووداوە کتوپڕ و لە ناکاوانەى لە وڵاتانى ناوچەکە و وڵاتانى عەرەبیدا روودەدەن.
شەرقلئەوسەت
یەکێتیی ئەوروپا ئامادەکاریی دەکات بۆ هەڵگرتنى گەمارۆ مرۆییەکانی سەر سوریا
ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، رەنگە هەنگاوەکانى هەڵگرتنى سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر سوریا خێراتر بکرێت، چونکە سزاکان رێگرن لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و بووژانەوەی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، رۆمای پایتەختى ئیتاڵیا میوانداری کۆبوونەوەیەک دەکات کە تێیدا وەزیرانی دەرەوەی ئیتاڵیا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سوریا دەکەن، ئەم کۆبوونەوانە دوای مانگێک لە رووخانی رژێمەکەى بەشار ئەسەد دێت.
گەیر پیدەرسن، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە سوریا، دوێنێ لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، بەخشینی سزاکانی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ دەسەڵاتى نوێی سوریا پێشوازی لێدەکرێت.
عەرەبی جەدید
ئیسرائیل چاوی بڕیوەتە بەنداوى مونتەڕە لە سوریا
کۆنتڕۆڵکردنى بەنداوى مونتەڕە لە باشووری سوریا، بووەتە هەڕەشەیەکى گەورە بۆ سەر ئەو وڵاتە، بەنداوەکە یەکێکە لە گەورەترین بەنداوەکانى سوریا و پارێزگاکانى باشووری ئەو وڵاتە، بەتایبەت پارێزگاکانی قونەیتەڕە و درعا لەسەری دەژین.
رۆژنامەى عەرەبی جەدید لە چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ئەوەى ئیسرائیل دەیکات، هەڕەشەیەکی زۆر گەورە و جدییە بۆ سەر سەرچاوە ئاوییەکانى باشووری سوریا و خەونى دێرینیەتى بۆ داگیرکردن و دەستگرتن بەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانە.
عەرەب
زانا جیۆلۆجییەکان گۆڕانى کەشوهەوا و بومەلەرەزەکان پێکەوە دەبەستنەوە
زنجیرە چیای سانگری دی کریستو لە دەشتەکانی سانت لویس لە باشووری ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا، لە ماوەی ملیۆنان ساڵی تەمەنی دروستبوونی، لەرینەوە و بومەلەرزەى بەردەوامى هەیە، ئەم شاخانە بوومەلەزەى بەردەوامیان هەڵگرتووە.
توێژینەوەیەکی ئەم دواییە دەریدەخات توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان، بەدرێژایی هەزاران ساڵ ، بومەلەرزە و لەرینەوەکانى لە دۆڵی سانت لویسی زیادکردووە.
گۆڤاری زانستیی جیۆلۆجی پشتڕاستى ئەو توێژینەوەیە دەکاتەوە و بڵاویکردووەتەوە، شەپۆلەکانی گەرمبوونی جیهان ئاستى لەرینەوە و بومەلەرزەکانى بەشێوەیەکى بەرچاو زیادکردووە و کاریگەرییەکانی دەرکەوتوون.
فاینەنشیەڵ تایمز
ئەوروپییەکان هۆشداری دەدەنە ترەمپ دەستوەرنەداتە سنوورەکانیان
سەرکردەکانی ئەوروپا هۆشدارییان دایە دۆناڵد ترەمپ دەستوەرنەداتە سەروەریی سنوورەکانی کیشوەرەکەیان.
هۆشداریی سەرکردە ئەوروپییەکان دوای هەڕەشەکانی ترەمپ دێت کە پلانی داناوە بە هێز وڵاتی گرینلاند و نۆکەندی پانەما داگیربکات.
لەوباریەوە، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی نابێت هەرگیز سنوورەکانی ئەوروپا بە هێز دەستکارییان بکرێت. وەزیری دەرەوەی فەرەنساش گوتی ئەوروپا هەرگیز رێگە بە وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتییەکەیان نادات سەروەریی سنوورەکانی بشکێنێت و داگیری بکات.
تایمز
ئەمریکا داوا لە بەریتانیا دەکات چەکدارانی وڵاتەکەی لەنێو داعش لە سوریا بگەڕێنێتەوە
بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، داوا لە بەریتانیا دەکات ئەو ئەندامانەی داعش بگەڕێنێتەوە کە لە وڵاتەکەوە پەیوەندییان بە ریزەکانی ئەو گرووپەوە کردووە و لە ئێستادا لە زیندانی کامپەکانی سوریادا دەستگیر کراون.
ئەو یاریدەدەرەی ترەمپ دەڵێت دەبێت کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، پابەندبێت بە شەڕی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەر وڵاتێکیش خۆی بە هاوپەیمانی دژی داعش دەزانێت هەمان هەنگاو بگرێتەبەر.
ئۆرشەلیم پۆست
ئیسرائیل کۆبوونەوەی لەبارەی کاریگەرییە ناوچەییەکانی تورکیاوە کردووە
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی تایبەتکردووە بە مەترسی و کاریگەرییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا. لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوە و سەرۆکئەرکان بەشداربوون، باس لەوەکراوە چۆن تورکیا هەژموونی لە ناوچەکەدا زیاتر دەبێت دوای رووخانی بەشار ئەسەد لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیی کرا.
لەکاتێکدا هەژموونی ئێران لە سوریا کۆتایی پێهاتووە و لە ئێستادا بەرەیەکەی سوننیی تورکیا و سوریا درووستبووە، رەنگە لەداهاتوودا ببن بە مەترسی بۆسەر ئیسرائیل و ناوچەکە.
عەرەب نیوز
ئەوروپا دێتە پاڵ ئەمریکا بۆ سووککردنی سزاکانی سوریا
پێشبینی دەکرێت یەکێتیی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکدا کە کۆتایی ئەم مانگە لە برۆکسل بەڕێوەدەچێت و وەزیری دەرەوەی ٢٧ وڵاتی یەکێتییەکە ئامادەی دەبن، بەشێک لە سزاکانی بۆسەر سوریا هەڵبگرێت. یەکێک لە بەرپرسانی ئاگادار لەوپرسە گوتوویەتی لە ئێستادا تاوتوێی ئەو پرسە دەکەن بۆ ئەوەی بەشێک لە سزاکان بۆسەر گەلی سوریا هەڵبگرن.
هەر لەوبارەیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێشتر گووتی هەڵگرتنی سزاکان پەیوەستن بە شێوازی حوکمڕانیی ئیدارەی نوێی سوریاوە کە چۆن هەموو لایەنێک لە حوکمڕانیدا بەشداریی پێدەکات.
رۆژنامە تورکییەکان
ئانا یورت
11 پێشنیاز بۆ دوورکەوتنەوە لە خەمۆکی
دوای منداڵبوون ژن هەندێکجار وا هەست دەکات ناتوانێت ئەرکی دایکایەتی بە باشی جێبەجێبکات، لەوبارەیەوە دکتۆر ئەنیسە ئۆزئیچ دەڵێت دایکان لەوماوەیەدا واهەست دەکەن منداڵەکەیان خۆشناوێت، چەندین نیگەرانی بۆ دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمیی ئارەزووی خواردن و تێکچوونی خەو.
ئایدنلک
ئاشتبوونەوەی پەکەکە و دەسەڵات پرۆژەی ئەمریکایە
دۆغو پەرینچەک سەرۆکی پارتی وەتەن لەبارەی پرۆسەی چارەسەریەوە دەڵێت، ئەمانە نە تورکن نە کورد، بەو مانایەی هیچیان نەتەوەخواز نین، ئەمریکا و ئیسرائیل، دەوڵەت باخچەلی و عەبدوڵا ئۆجالانیان لەگەڵ یەکپێکهێناوە، کەچی دەڵێن ئاشتی بۆ تورکیا دەهێنین، بەو نیازەوە پەکەکە دەکەنە هاوبەشی خۆیان، ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.
میلاد
ئەو شەوە لەناکاوە کەی دێت؟
لەکاتێکدا تورکیا سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی، یەپەگە لەبری ئەوەی چەکەکانی بنێژێت، بەدوای کاتکوشتنەوەیە، سوپای نیشتیمانیی سوریا ئێستا رووبەڕووی بووەتەوە و تاکە رێگا ئۆپەراسیۆنی سەربازیە.
ئەمەش ئەو گوتەیەی ئەردۆغانمان بیردەهێنێتەوە کە دەڵێت یان چەکەکانیان دەنێژن، یان بە چەکاکانیاوە دەیانیانێژین، هاوکات قسەی هاکان فیدان لەوبارەیەوە روونە دەڵێت ئەگەر کێشەی یەپەگە چارەسەر نەکرا ئەوا تاکە رێگا ئۆپەراسیۆنی زەمینیە.
یەنیچاغ
میللەت لە برسا دەمرێت ئەردۆغان داوا لە خەڵکی دەکات ئەوەی گرانە نەیکڕن
لەکاتێکدا لەسەدا ١٥.٧٥ بۆ خانەنشینان و لەسەدا 30 بۆ کەمترین بری مووچە زیادکراوە، ئەردۆغان دەڵێت بایکۆتی شتی گران بکەن، خەڵکیش دەڵێن نان گران بووە، بایکۆتی چی بکەین؟ مەگەر بمرین لەبرسا.