زووم..
هێزەکانی 70 و 80ـی پارتی و یەکێتی هەڵدەوەشێنەوە و چی دیکە ناتوانن فەرمان لە حزب وەربگرن، ئەمەش بە فشار و چاودێریی هاوپەیمانان دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، فشاری هاوپەیمانان کە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات، گەیشتووەتە قۆناغێک کە دەبێت لەمساڵدا پڕۆژەی چاکسازی و یەکخستنی هێزەکانی پارتی و یەکێتی تەواوبێت و شتێک نەمێنێت بەناوی هێزی حزبییەوە.
فەرماندەی دەڤەر دروستدەکرێن
زووم دەزانێت، لە کۆبوونەوەی هاپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی هێزەکانی 70 و 80دا بڕیاردراوە قۆناغ بەقۆناغ هێزەکانی 70ی یەکێتی و 80ی پارتی هەڵوەشێنەوە و لە بەرامبەردا فەرماندەی دەڤەر دروستبکرێن.
بەگوێرەی هەیکەلی ئیدارەی و سەربازیی، فەرماندەیی دەڤەرەکان بەبێ فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان ناتوانن هیچ جموجوڵێکی سەربازیی بکەن.
تاوەکو ئێستا پێشنیازەکان بەجۆرێکن کە فەرماندەیی دەڤەری یەک و فەرماندەیی دەڤەری دوو دروستبکرێن، کە هەریەکەیان لە پێنج فیرقە پێکدێن.
دوای هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی 70 و 80، پێشمەرگەکانی هەردوولا بەسەر لیوا و فیرقەکاندا دابەش دەکرێن و سەرجەمیان فەرمان لە فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو وەردەگرن.
بەگوێرەی ئەم هەنگاوەی هاوپەیمان بێت، پارتی و یەكێتی ناتوانن فەرمانی حزبی بەسەر هێزەکانی پێشمەرگە جێبەجێبکەن، چونکە سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە فەرمان لە وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان وەردەگرن.
زووم دەزانێ، ئەو کەسانەی دەبن بە فەرماندەى فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو، مەرجە پلەی سەربازییان لە سەروو فەریقەوە بێ، هەروەها مەرجە سەربازییەکان بەسەر فەرماندەی لیوا و فەوجەکانیشدا جێبەجێبەجێدەکرێن.
ئەم هەنگاوە تەواو دژی هەوڵەکانی پارتی و یەكێتییە کە لەناو هێزەکانی 70 و 80دا جێبەجێیان کردووە دەیان کەسایەتی حزبییان بۆ فەرماندەی لیوا و فەوجەکان داناوە لەکاتێکدا پلەی سەربازی بەرز و پێویستیان نییە.
لە ئێستادا بەشێک لە هێزەکانی 70ی یەکێتی هەڵوەشاونەتەوە
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم لە ئێستادا بەشێک لە هێزەکانی 70ی یەکێتی هەڵوەشاونەتەوە و خراونەتە سەر فیرقەی چوار و فیرقەی دوو.
بەگوێرەی ئەم هەنگاوەی هاوپەیمانان بێت، چی دیکە نە پارتی دەتوانێ هێزەکانی خۆی بە فەرمانی حزبی بجوڵێنێت و نە یەکێتیش دەتوانێ ئەو کارە بکات.
لە رابردوودا چاوی میدیا و یەکێتی لەسە هێزەکانی کۆماندۆی سەر بە هێزەکانی 70بوو، کە راستەوخۆ فەرمانیان لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکە وەردەرگرت، بەڵام بەگوێرەی ئەم هەنگاوەى هاوپەیمانان بێت، چی دیکە هێزەکانی کۆماندۆ و زێرەڤانی و لیوا تایبەتەکانی پارتی و یەکێتی بۆ جموجوڵی سەربازیی فەرمان لە بەرپرسە حزبییەکانی پارتی و یەكێتی وەرناگرن.
ئەم هێزانە دەخرێنە سەر لیوا و فیرقەکانی سەر بە فەرماندەیی دەڤەرەکان، کە فەماندەی ئەم دەڤەرانە کەسانی سەربازی و ئەکادیمی دەبن، ئەوانیش فەرمان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن و هێزەکانی هاوپەمانانیش چاودێری جموجوڵ و بڕیارەکانیان دەکەن.