بەهۆی رووداوەکانی یاریی نێوان کەربەلا و دهۆک، کە بووە هۆی بریندار بوونی حسێن فەلاح یاریدەدەری ناوبژیوان و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، سەرجەم یارییەکانی ئەمڕۆ چوارشەممەی خولەکە دواخران.
بەهۆی بایکۆتی بەشێک لە ناوبژیوانان لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، عەدنان دەرجال سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بە ئۆنلاین لەگەڵ ناوبژیوانان ئەنجامداوە و بەڵێنی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیدا، کە رووبەڕووی ناوبژیوانان دەبێتەوە، هەروەها سزای توندی بەسەر بکەرانی رووداوەکە دەرکرد.
لەسەر رووداوەکە لیژنەی پێشبڕکێکانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق، وەک پاڵپشتی و هاوسۆزی بۆ ناوبژیوانان بڕیاریدا یارییەکانی ئەمرۆ لە پێنجشەممە ئەنجام بدرێن، یارییەکانی پێنجشەممەش ، لە هەینیدا بکرێن.
بڕیاربوو ئەمڕۆ چوار یاریی لە هەفتەى ١٣ى خولی ئەستێرەکانی عێراق بکرێن، کە دوانیان یارییەکانى نەفتى بەسرە و نەورۆز لەگەڵ دیالە و زاخۆ بوون، بەڵام بۆ سبەینێ دواخران.