زووم..
محەمەد دەروێش، مامۆستای زانکۆ و چالاکی ژینگەپارێزی ئێران دەڵێت، بەهۆی پیسبوونی هەواوە لەسەدا هەشتی کۆرپەکان لە ئێران بەمردوویی لەدایک دەبن.
دەروێش لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیلنا رایگەیاندووە، دۆخی پیسبوونی هەوا لە زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی هۆشداریدایە.
دەشڵێ، پێوەرەکانی پیسبوونی هەوا لە بەشێکی گەڕەکەکانی تاران، 37 هێندەی شارە پیسەکانی دیکەی ئێرانە، واتە بۆ هەموو کەسێک مەترسیدارە و ژیانی لە دانیشتووانی پایتەخت تاڵ کردووە.
پیسبوونی هەوای ئێران کاریگەریی مەترسیداری لەسەر تەندروستیی گشتی هەیە، بەتایبەتی دایکانی دووگیان.
دەروێش ئاماژەی بەوەشکردووە، خەڵکی بەشێک لە پارێزگاکان سەرەڕای دەوڵەمەندیی سەرچاوەکانی ژینگە و ئابووری، بەڵام بەهۆی کێشەی پیسبوونی هەوا و کێشە ژینگەییەکانی دیکەوە ناچارن کۆچ بکەن.