سەرچاوەیەکی فەرمی تورکیا راگەیاند، ئەنقەرە مۆسکۆی ئاگادارکردووە، کە جێگیرکردنی هێزەکانی “رژێمی سوریا” لە ناوچەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات رەتدەکاتەوە، ئەمریکاش تێگەیشتنی خۆی بۆ داواکارییەکانی تورکیا دەربڕیوە و لە هەندێک شوێن کشاونەتەوە.
دوێنێ، سێشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2022، ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند “ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانمان لە هەر ساتێکدا بێت دەستپێدەکات”.
کالن گوتی، ئەمریکا و روسیا ئاسوودە نین بە ئۆپراسیۆنەکە، بەڵام ئەمە کاریگەری لە هەنگاوەکانی تورکیا ناکات ئەمەمان بە ئاشکرا پێ گوتوون.
ئەمریکا و روسیا ئاسوودە نین بە ئۆپراسیۆنەکە
گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا
ئەمڕۆش سەرچاوەیەکی فەرمی تورکیا بە کەناڵى جەزیرەى راگەیاند، قۆناغی یەکەمی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی تەل رەفعەت و منبج و کۆبانێیە و هەموو ئامادەکارییەکى سەربازیی و لۆجستیکی بۆ کراوە.
تورکیا دەیەوێت هێزەکانى سوریاى دیموکرات 30 کیلۆمەتر لە سنورى تورکیا دوربکەوێتەوە، ئەمەیان چەندینجار باسکردووە.
داواکارییەکانی تورکیا
تورکیا بە بەرپرسانى مۆسکۆ و ئەمریکاى گوتووە مەرجى وەستاندنى ئۆپراسیۆنەکان کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە مەنبەج، کۆبانێ و تەل رەفعەت لە ماوەیەکی دیاریکراودا.
روسیا لەگەڵ لایەنە کوردییەکان لە گفتوگۆدایە بۆئەوەی رێگری بکات لە ئۆپراسیۆنە زەمینیەکان.
کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە مەنبەج، کۆبانێ و تەل رەفعەت داوای تورکیایە
میدیاکانى تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەلکساندەر چایکۆ، فەرماندەی هێزەکانی روسیا لە سوریا ، لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکراتى (هەسەدە) لە حەسەکە کۆبووەتەوە.
ئەلکساندەر بەڕوونی گوتویەتى “تورکیا سورە لەسەر ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن و مۆسکۆش ناتوانێت بیوەستێنێت، بەبێ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی تورکیا”.
مەزڵوم عەبدی، رەتیکردووەتەوە لەو ناوچانە بکشێتەوە، داوای لە لایەنی روسی کردووە، هێزەکانی روسیا بە درێژی سنوری تورکیا زیاد بکرێت و پارێزگاری لە دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکان بکرێت.
هێزەکانمان لە هیچ ناوچەیەک ناکشێتەوە
هاوکات مەزلوم عەبدی، بە رۆیتەرزی گوت، ئەمریکا و روسیا هەڵوێستی ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا پێراگەیاندووە، بەڵام ئێمە پێویستمان بە هەڵوێستی جدی تر و بەیاننامەی توندتر هەیە بۆ راگرتنی تورکیا.
سەبارەت بە کشانەوەى هەسەدە و جێگیرکردنى هێزەکانى حکومەتى سوریا لو ناوچانەى تورکیا دەیەوێت هێرشی بکاتەسەر، مەزڵوم عەبدى قسەى بۆ فرانس پرێس کردووە، گوتویەتى، لە هیچ کام لە ناوچەکان ناکشێنەوە، سەبارەت بە گەڕانەوەی دامەزراوە سورییەکانیش بۆ ناوچەکە، پێویستمان بە رێمککەوتنی سیاسیە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق.