زووم..
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، کاتێک تیمێکی خاچی سوری نێودەوڵەتی سەردانی بەنداوی تشرینیان کردووە بۆ بینینی ئەو زیانانەی بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و گرووپەکان بەریکەوتووە، شەڕ لە ناوچەکە وەستاوە، بەڵام دوای گەڕانەوەیان، جارێکی دیکە لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق شەڕ و پێکدادان دەستیپێکردووەتەوە.
هاوکات چەکدارانی گرووپەکانی تورکیا لە بەرەی دێر حافری دەوروبەری حەلەب ویستویانە دزە بکەنە نێو پێگەکانی هەسەدە، بەڵام شەڕ و پێکدادانی توند لەنێوانیاندا روویداوە و لە ئەنجامدا سێ چەکداری گرووپەکان کوژراون.
روانگەکە دەشڵێت، چەکدارانی گرووپەکانی تورکیا بۆ دزینی کێبڵی کارەبا هەڵیانکوتاوە سەر گوندی عەوسەجەلی دەوروبەری مەنبج، بەڵام دانیشتووانەکەی رێگەیان پێنەداون، بۆیە چەکدارەکان ژمارەیەک هاووڵاتیان رفاندووە و چارەنووسیان نادیارە.