زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
کەمترین بڕە مووچە بۆ ئەمساڵ دیاریکرا
ڤەدات ئیشکهان وەزیری کاری تورکیا رایگەیاند بۆ ساڵى 2025 کەمترین بڕە موچە بۆ کرێکاران بڕی 14 هەزار و 469 لیرە دەبێت، کە دەکاتە نزیکەى 410 دۆلاری ئەمریکی. هەر کرێکارێک لە سێکتەری تایبەتدا کاربکات نابێت مانگانە لەو موچەیە کەمتری پێبدرێت.
ئەو وەزیرە راشیگەیاندووە، ئامانجمان ئەوەیە رێژەى هەڵاوسان لەمساڵدا داببەزێنین تاکوو چینی کرێکاران و خانەنشینان باشتر ژیان بگوزەرێنن.
میللی گەزەتە
لە تورکیا 168 پارتی سیاسیی هەن
بەگوێرەى داتاکانی دادگای باڵای تورکیا لە تورکیا و باکووری کوردستان 168 پارتی سیاسیی بونیان هەیە. لەو پارتانەش ئاک پارتی خاوەنی گەورەترین پێگەى جەماوەرییە و 11 ملیۆن و 135 هەزار و 306 ئەندامی خۆبەخشی لەسەرتاسەری تورکیا هەیە.
یەنی ئاسیا
تائێستا نەخشەڕێگەیەک بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی لەئارادا نییە
لە زنجیرە دیدارەکانی دەم پارتی بۆ لاى پارتە سیاسییەکان، بە مەبەستی درێژەپێدان و پشتیووانی لایەنەکان بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی، تائێستا لەلایەن دەم پارتی و حکومەتی ئاک پارتییەوە نەخشەڕێگەیەک بۆ پرۆسەکە ئاشکرانەکراوە.
لەو دیدارانەدا بەشێک لە پارتە سیاسییەکان داوایان لە شاندی ئیمرالی کردووە چی زووە نەخشەڕێگەیەک بۆ پڕۆسەکە ئاشکرا بکەن.
سەباح
نرخی خوێندنگە تایبەتەکان گران کرا
لە تورکیا و باکووری کوردستان نزیکەى یەک ملیۆن 500 هەزار خێزان مناڵەکانیان دەنێرنە خوێندنگە تایبەتەکان. لەئێستادا باس لە گرانبونی نرخی خوێندن بۆ ساڵی 2025 -2026 دەکرێت.
بەگوێرەى زانیارییەکان، گرانکردنەکە بە رێژەى 54.8٪ـی زیاتر نابێت. ئەمەش ناڕەزایی کەسوکاری قوتابیانی لێکەوتۆتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ترەمپ هەڕەشەدەکات گرینلاند و کەناڵی پەنەما داگیربکات
ترەمپ ئاماژە بۆئەوەدەکات کە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بە فەرمانی یاسایی خۆی سوپای وڵاتەکەی بنێرێت گرینلاند و کەناڵی پەنەما داگیربکات.
سەرۆکی هەڵبژێردراو گوتی، لەبەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا پێویستە گرینلاند بخرێتە سەر نەخشەی جوگرافی و سیاسیی ئەریکا. ئەم دوورگەیە لە ساڵی 1814ـەوە لەلایەن دانیمارکەوە دەستی بەسەرداگیردراوە.
هەروەها داواشی کرد کەناڵی پەنەما بگەڕێندرێتەوە سەر نەخشەی ئەمریکا، چونکە لە ساڵی1977 دا لەلایەن جیمی کارتەری سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەوە فرۆشراوە.
گاردیەن
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەڵێت قاوەی بەیانیان بۆ تەندروستیی دڵ باشە
ئەوکەسانەی کە بەیانیان زوو قاوە دەخۆنەوە، سوودێکی لێ دەبینن، کە ئەوکەسانەی تر نایبینن کە کاتێکی درەنگتر دەیخۆنەوە.
ئەم لێکۆڵینەوە نوێیە کە ئەنجامدراوە 40 هەزار کەسی وەک نمونە وەرگرتووە.
تیایدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی زووتر قاوە دەخۆنەوە بە رێژەی 16٪ درەنگتر لەوانی تر دەمرن، بە رێژەی 32٪ـیش کەمتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرە و هێنەرەکان دەبن.
هەفتەنامەی ئۆبزێرڤەر
ویگۆڤی پاڵپشتی دارایی دەرمانخانەکانی بەریتانیای کردووە
کۆمپانیای نۆڤۆ نۆردیسکی دانیمارکی تایبەت بە بەرهەمهێانی دەرمان، هەزاران پاوەندیان وەک پاڵپشتیکردنی دارایی داوە بە دەرمانخانەکانی بەریتانیا، وەک دەرمانخانەکانی بووتس و لۆیدز.
مەبەست لەم پاڵپشتییە داراییانە ئەوەبووە ئەو دەرمانخانانە دەرمانێکی خۆلاوازکردن بفرۆشن کە کۆمپانیا دانیمارکییەکە دروستیدەکات.
ئۆبزێرڤەر زانیویەتی بۆ هەردوو دەرمانی ویگۆڤی و ساکسێندا، ئەو کۆمپانیایە پارەی داوە بە گۆگڵیش، کە ئەم دوو دەرمانە وەک دەرمانی دابەزاندنی کێش بناسێنێت و بانگەشەیان بۆ بکات، بۆئەوەی نەخۆشەکان و کەسانی قەڵەو زانیارییان لەبارەی ئەم دەرمانانەوە هەبێت.
گەڵف نیوز
ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی تبت گەیشتە 126 کەس
بومەلەرزەیەکی وێرانکەر لە هەرێمێکیی دوورەدەستی چین روویدا و 126 کەسی کوشت.
هەزاران ماڵ و بیناشی خست و وێرانی کردن. راپۆرتی راگەیاندنەکانی دەوڵەت دەڵێت، کاردانەوەی بوومەلەرزەکە، لە ناوچەکانی دەوروبەری تبت، وەک کاتماندۆی پایتەختی نیپاڵ هەستی پێکراوە.
کەناڵی فەرمیی سی سی تیڤیی چین راپۆرتێکی وێنەیی لەبارەی شوێنی بومەلەرزەکەوە بڵاوکردۆتەوە، تێیدا گەورەیی ئەو کارەساتە دەردەکەوێت کە بومەلەرزەکە دروستیکردووە، دیواری هەزارن بینا کەوتوون و ورد بوون.
بەو هۆیە 3400 کەس لە ئەندامانی تیمی رزگارکردن گەشتوون بە شوێی روداوەکە، کە 340 پزیشک و کارمەندی تەندروستییان لەگەڵدایە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
ئەمڕۆ سودانى لە تارانە
وابڕیارە ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوزیرانى عێراق بە سەردانێکى گرنگ بگاتە تاران و چاوی بە بەرپرسانى باڵای ئەو وڵاتە بکەوێت و گفتوگۆی پێشهات و گۆڕانگارییەکانى ئەم دواییەى ناوچەکە و پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات ئەنجامبدات.
ئەم سەردانە گرنگییەکەى لە کاتێکی هەستیار و خێرای ناوچەکە و وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدایە، فادی شەمەری، راوێژکاری سیاسیی سەرۆکوزیران کە هاوکات ئەندامى شاندی سەردانیکاری تارانە بە رۆژنامەى سەباحی گوتوە، سەردانەکە هەلێکی ناوازەیە عێراق وەک پردی پەیوەندیی و لێکتێگەیشتنە ئیقلیمى و نێودەوڵەتییەکان بخاتەوە سەر شانۆ.
شەرقلئەوسەت
لەکاتێکدا تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدای هێرشی سەربازی دەکات؛ مەسرور بارزانی و شاسورا عەبدولواحید گەیشتنە ئەو وڵاتە
دوێنێ ئەنقەرە میوانداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گەیشتە ئەنقەرەى پایتەختی تورکیا.
هاوکات، نوح یەڵماز، جێگری سەرۆکوزیرانى تورکیا، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەبینێت، وەک سەرۆکى سێیەم گەورەترین حزبی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
سەردانەکەی مەسرور بارزانی لە کاتێکدایە، کە هەڕەشەی کردەوە سەربازییەکانی تورکیا دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل لە باکووری سوریا و دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی نوێ لە تورکیا بە ئامانجی لەناوبردنى پارتی کرێکارانی کوردستان.
بەگوێرەی سەرچاوە تورکییەکان، گفتوگۆکانی ئەردۆغان و بارزانی کە هاکان فیدان، وەزیرەى دەرەوەى ئەو وڵاتەش ئامادەی بووە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر و دۆخی کوردستان و ئەو هەوڵانەی خراوەنەتەڕوو، بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە هەنگاویان بۆ دەنرێت، جگە لە هاوکارییەکانى تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی چالاکییەکانى پارتی کرێکارانی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان.
عەرەبی جەدید
بازرگانیی قاچاخ بە چەک و جبەخانە سەربازییەکانى رژێمی پێشووی سوریا فراوان دەبێت
بازرگانییەکى بەرچاو بە پاشماوەى ئەو چەک و جبەخانە سەربازییانەى رژێمی روخاوەکەى بەشار ئەسەد لە سوریا دەکرێت،ئەو چەک و تەقەمەنی و جبەخانانەى کەوتوونە بەردەستی خەڵک، کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت، لە هەندێک کاتدا ئەو چەک و تەقەمەنییانە هەڵدەوشێنن و پارچەکانیان دەفرۆشنەوە، ئەمەش مەترسیی زۆری بۆ سەر گیانى ئەو هاوڵاتییانە دروستکردووە.
مەترسیش هەیە لەو مامەڵە قاچاغ و نا یاساییەدا، گروپە چەکدارییەکانى دیکەى وەک داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە سودمەندبن و چەک و تەقەمەنیی زیاتریان بکەوێتە دەست.
عەرەب
کارەبا دەگەیەنرێتە سوریا
تورکیا و قەتەر وەک دوو هاوپەیمان، پێشبڕکێی خێرا و دەستپێشخەریی دەکەن بۆ بەردەستخستنى یەکێک لە جومگە هەرە گرنگەکانى ئابووریی لە سوریا، ئەوەش دابینکردنى کارەبایە بۆ ئەو وڵاتە، بۆ ئەوەش هەردوو وڵات رایانگەیاند، دوو کەشتى گەورە بۆ دابینکردن و دروستکردنى ووزەى کارەبایان بۆ سوریا ناردووە.
چاودێران پێیان وایە ئەو هەنگاوە خێرایەی قەتەر و تورکیا بە ئامانجی دوورکەوتنەوەیە لە هەڵە و دەستێوەردانەکانی پێشوو لەو وڵاتانەی شەپۆلی یەکەمی بەهاری عەرەبیان بەخۆیانەوە بینى، وەک تونس و میسر، چونکە ئەو دوو وڵاتە هەر هاوکارییەکی دەوحە و ئەنقەرەیان رەتکردەوە، بەو پاساوەى خزمەت بە رەوتە ئیسلامییەکان دەکات و حوکم و ئایندەى وڵاتەکانیان دەخەنە مەترسییەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
ئاکسیۆس دەڵێت، 2025 ساڵی چارەسەری کێشەی ئێرانە
دەزگای میدیایی ئەمریکی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئەوروپی بەدوای چارەسەری کێشەی ئێرانن بەتایبەت بۆ دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە.
وڵاتانی ئەوروپی لە کۆبوونەوەیەکدا لە جنێڤ رایانگەیاند، کە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ئیتر کارا نییە و ئەگەر تا هاوین رێککەوتنێکی نوێ نەکرێت، ئەوا سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران چالاک دەکرێت. ئێرانیش هەڕەشەی کشانەوەی لە پەیمانی قەدەغەی چەکی ئەتۆمی و کۆتاییهێنان بە پشکنینەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەکات.
ئاکسیۆس پێشبینی کردووە کە ترەمپ لە ساڵی 2025دا تووشی قەیرانێک دەبێتەوە بە ناوی ئێران، چونکە پێشکەوتنە ئەتۆمییەکانی ئێران بژاردەی کەمتری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بەرنامەیە هێشتۆتەوە و دەرفەتیش بە خێرایی لەدەست دەچێت.
باختەر
بڕینی دار سنەوبەرەکانی پارکی بێستون هەڕەشەیە بۆ سەر گەشتیاریی کرماشان
بڕینی دار سنەوبەرەکانی پارکی بێستون کە یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی کرماشان بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر شارەکە.
لەناوچوون و وشکبوونەوەی دارەکان بەهۆی کێشەی بەڕێوەبردن و قازانجکردنی هەندێک کەسەوەیە کە بە بیانووی نەخۆشی نەمام دەبڕن و دەیفرۆشن.
ئەم کێشەیە سێ ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد و سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بەشی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبردنی ناکارامەی گەشەپێدانی گەشتیاری کە لە ساڵی 2012ەوە ئەرکی پاراستنی پارکەکەی لە ئەستۆدایە، کێشەکانی زیاتر کردووە.
هەروەها یەک جۆر بوونی دارەکانی ناو پارکەکە وایکردووە زۆرێکیان وشک ببن.
شارەزایان پێیان وایە چاندنی جۆری جیاوازی دار و بەڕێوەبردنی زانستی دەتوانێت رێگری لەم قەیرانە بکات.
کەیهان
نرخی دەرمان لە ئێران پێنج هێنده زیاد کرا
لە راگەیاندراوێکدا، کە کۆمپانیاکانی دەرمان لە ئێران بڵاویان کردۆتەوە دەریدەخات کە نرخی زۆربەی دەرمانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە.
تەنانەت هەندێک دەرمان کە زۆر بەکاردەهێنرێن پێنج هێندە گرانتر بوون.
محەمەد رەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستی، رایگەیاند، ئەم گۆڕانکارییە نرخانە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵاوسانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو کە کاریگەری لەسەر پیشەسازی دەرمان هەبووە و دەڵێت کە حکومەت هەوڵدەدات پاڵپشتی نرخی دەرمان بکات.
بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی دەرمان لە بواری تەندروستی، زۆرجار نەبوونی دەرمان و هەروەها گرانبوونی بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زۆرێک لە نەخۆشەکان.
ئاگاهـــ
کرماشان و سنە پلەی یەکەم و سێهەمیان لە نایەکسانی داهات لە ئاستی ئێران تۆمار کرد
بەراوردکردنی داتاکانی نایەکسانی داهات لە ساڵی 2024 لەگەڵ ساڵی پێشوودا نیشان دەدات کە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین زیادبوونی نایەکسانی بەخۆیەوە بینیوە. رێژەی نایەکسانی ئەم پارێزگایە بە 15٪ زیادی کردووە.
دوای کرماشان تاران و سنه تووشی زیادبوونی نایەکسانی بوونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە پارێزگای قوم کە ناوەندی ئایینی ئێرانە زۆرترین کەمبوونەوەی نایەکسانی بەخۆیەوە بینیوە و رێژەی نایەکسانی 18٪ کەمیکردووە.
هەروەها پارێزگاکانی فارس و سیستان و بەلوچستان کەمبوونەوەی نایەکسانییان تۆمار کردووە.