زووم..
وەزیری دەرەوەی ئێران، شکستی سوپای سوریا بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان بە زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ تاران ناودەبات، دەشڵێت، دوژمنەکانی ئێران دەستیانکردووە بە هەڵمەتی میدیایی دژی وڵاتەکە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە یەکێک لە مەراسیمەکانی پێنجەمین ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، گوتی، سوپای سوریا پێش گورزی سەربازی، رووبەڕووی گورزی میدیایی و دەروونی بووەوە، بەو هۆیەوە جەنگەکەیان دۆڕاند.
عێراقچی دەشڵێت، شکستی سوپای سوریا بەرامبەر گرووپە چەکدارەکانی تەحریر شام، دەبێت ببێتە زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بۆ تاران، ئاگاداری ئەو کەشوهەوایە بن کە دوژمنەکانیان دەیانەوێت لە وڵاتەکەیان دروستی بکەن.
بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، دوژمنەکانیان ئامرازەکانی راگەیاندن بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی بێهیوایی و ترس لەنێو خەڵک.
قسەکەی عێراقچی لەبارەی هەڵمەتی میدیاییەوە لەکاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا، بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، پەیامی ئاڕاستەی هاووڵاتیانی ئێران کرد و داوایکرد دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران راپەڕن.