ئەمشەو ئارسناڵ میواندارى نیوکاسڵ دەکات و سبەینێش تۆتنهام و لیڤەرپوڵ ڕووبەڕووى یەکدەبنەوە.
ئەمشەو کاتژمێر ١١ بە یارییەک، کێبڕکێکانى قۆناغى پێش کۆتایى جامى رابیتەى یانە پیشەگەرەکانى ئینگلتەراى ناسراو بە کاراباو کەپ دەستپێدەکات.
یانەى ئارسناڵ لە یارى چووندا و لە یاریگاى ئیماراتى تایبەت بەخۆى، بەرامبەر یانەى نیوکاسڵ یونایتد یارى دەکات.
ئارسناڵ، کە لە وەرزى 1992 بۆ 1993وە نازناوى جامەکەى بەدەستنەهێناوە، هەوڵ دەدات جارێکى دیکە بگەڕێتە سەر ستەیجى بردنەوەى پاڵەوانێتییەکە و بۆ سێیەم جار لە مێژوویدا جامەکە بەرزبکاتەوە.
سبەینێش لە هەمان کاتدا، هەردوو یانەى تۆتنهام و لیڤەرپوڵ لە یاریگاى تۆتنهام هۆتسبێر، دووەم یارى قۆناغەکە ئەنجام دەدەن.
بڕیارە پێنج و شەشى شوباتى داهاتوو یارییەکانى گەڕانەوەى قۆناغەکە لە یاریگاکانى سانت جەیمس پارک لە شارى نیوکاسڵ و ئانفیڵد لە شارى لیڤەرپوڵ بەڕێوەبچن.