زووم..
عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، لەبارەی بەشەئاوی عێراق بۆ مانگی داهاتوو شاندی تورکیا سەردانی عێراق دەکات و لەسەر باتەکە گفتوگۆ دەکەن.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوتووە، لە ئێستادا ئەو بەشە ئاوەی لە تورکیاوە دەگاتە خاکی عێراق لە ئاستێکی باشدایە و هیچ کێشەیەکیان نییە.
بە گوتەی عەون زیاب، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنی تورکیا لە ئاستێکی زۆر باشدایە بەمەبەستی لێکتێگەیشتن لەسەر پشکی ئاوی هەردوو روباری دیجلە و فورات و لە سنوورەکانیش بەدواداچونی بەردەوامیان هەیە بۆ ئەو بەشە ئاوەی دەگاتە عێراق.
نیسانی ساڵی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند رێککەوتنێکیان واژۆکرد کە یەکێکیان تایبەت بوو بە بەردانەوەی بەشەئاوی عێراق لەلایەن تورکیاوە.