زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
ئێران گەورەترین کێشەی ئەمنیی فەرەنسا و ئەوروپایە
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆنفرانسی ساڵانەی باڵوێزەکانی وڵاتەکەیدا، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی بە نزیک لە “خاڵی بێ گەڕانەوە” وەسف کرد.
ناوبراو خوازیاری بیرکردنەوە لە گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی جیهان بۆ سەر ئێرانە لە ئەگەری شکستی دانوستاندا. ماکرۆن ئێران بە کێشەی سەرەکیی ئەمنی و ستراتیژی بۆ فەرەنسا و ئەوروپا دەزانێت بەهۆی بەرنامەی مووشەکی و پاڵپشتی لە روسیا و ئاماژەی بە بەسەرچوونی رێککەوتنی ئەتۆمی کردووە لە ساڵی 2025 کردووە.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو دیپلۆماتکارانی ئەوروپا و ئێران کۆببنەوە و تاوتوێی کەمکردنەوەی گرژییەکان بکەن.
جەهانی سەنعەت
دەوڵەمەندەکان 27 هێندەی هەژاران جل و بەرگی زیاتر دەکڕن
توێژینەوەکانی ناوەندی ئاماری ئێران دەریدەخەن، کە لە ساڵی رابردوودا خەرجییەکانی ماڵە شارییەکان بۆ جل و بەرگ و پێڵاو جیاوازییەکی بەرچاوی لە نێوان چینە جیاوازەکاندا هەبووە.
هەژارترین چینی کۆمەڵگا بە تێکڕا 17 دۆلاری بۆ کڕینی جل خەرج کردووە بەڵام چینی دەوڵەمەند بە تێکڕا 460 دۆلاری بۆ جل و بەرگ و پێڵاو خەرج کردووە.
ئەم جیاوازییانە ئەوە دەردەخات کە تێچووی جلوبەرگ و پێڵاو پێوەندیی راستەوخۆی بە ئاستی داهات و توانای کڕینی ماڵەکانەوە هەیە و چینی سەردەست 27 هێندەی هەژاران خەرجی بۆ دەکەن.
باختەر
ئەمساڵ 670 هاووڵاتیی کرماشانی لە بەرزکەرەوەدا گیریان خوارد
بەرپرسی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی کرماشان رایگەیاند، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا سێ هەزار و 169 چالاکیی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری لە لایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئەنجام دراوە.
لەو ژمارەیەش هەزار و 725 کەسیان پەیوەندییان بە ئاگرکوژێنەوە و هەزار و 444 کەسیان پەیوەندییان بە رووداوەکانی رزگارکردن و فریاگوزارییەوە هەبووە.
لەو ئۆپەراسیۆنانەدا هەزار و 168 کەس رزگارکراون و 316 کەس برینداربوون و 40 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
باوترین رووداو لە کەرتی فریاکەوتن پەیوەندی بە گیرخواردنی خەڵکەوە بووە لەناو بەرزکەرەوەکاندا، کە 670 حاڵەت لە کرماشان تۆمار کراوە.
ئەبراری ئیقتسادی
دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ سعودیە لە بواری ژیریی دەستکرد دەستیپێکرد
محەممەد موحسین سەدر، جێگری وەزیری پەیوەندییەکان رایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ سعودیە بۆ هاوکاری لە بواری ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای زانیاری دەستی پێکردووە و گوتی، بە سپاردنی بەشێک لە پڕۆژەکانی سعودیه بە شارەزایانی ئێرانی، دەتوانرێت رێگری لە کۆچی ئەو کەسانە بکرێت.
سەدر لە کۆبوونەوەی ژووری بازرگانی ئێراندا جەختی لە رۆڵی سەرەکیی کەرتی تایبەت لە پڕۆژەکان و چارەسەرکردنی ناهاوسەنگی وزە کردەوە.
هەروەها باسی لە پلانەکانی وەزارەتی پەیوەندییەکان کرد بۆ گۆڕین و پەرەپێدانی ئابووریی دیجیتاڵی ئێران.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە سوریا بەشێک لە میدیا خەریکی بڵاوکردنەوەی دووبەرەکین
ئاژانسی سپۆتنیکی روسیا بڵاویکردووەتەوە گرووپە توندڕەوە تازە سەرکارهاتووەکانى تەحریر شام کڵێساى ئایا سۆفیاى شارۆچکەى سەقەلیەی گوندەواری حەمایان سوتاندووە، بەڵام میدیا ناوخۆیی و ئاگادارەکانى سوریا بڵاویانکردووەتەوە داخستنى کڵێساکە بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە کە یەکێکان شوێنى کڵێساکەیە، دەمێکە لەبارەى گواستنەوەى لە گفتوگۆدان.
ماوەیەک پێش لە ئێستاش لەلایەن دەستێکى نەناسراوەوە هێرشى کراوەتە سەر، تەحریر شامیش بڵاویانکردوەتەوە ئەو رووداوانە هیچ پەیوەندییەکیان بەوانەوە نییە.
حەنان عیسا چالاکوانى مەدەنى دانیشتوى حیمس بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە دواى نەمانى رژێمەکەى ئەسەد ژمارەیەکی زۆر لایەن دەنگۆی ناڕاست دروستدەکەن و ئامانجیان پشێوی نانەوە و گێرەشێوێنییە، راشیگەیاندووە ئەوەندە دەنگۆکان لە رێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەبنەوە کە زەحمەتە بتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت و رێگە بە گێرەشێوێنییەکان بگیرێت.
عەرەب
قائانی پلانێک لە بارەى حەشدى شەعبیەوە دەباتەوە بەغداد
ئیسماعیل قائانی فەرماندەى سوپاى قودس لە سەردانێکى نهینی و رانەگەیەنراودا بۆ بەغداد لەبارەى حەشدى شەعبییەوە پلانێکى نوێی لەبارەى کەمکردنەوەى فشارەکانى رۆژئاواوە بۆ پێچانەوەیان خستووەتە بەردەستى حکومەتى عێراق.
داواکراوە لە سودانى حەشدى شەعبی بە هەموو شێوازێک لەنێو سوپادا ونبکات، بەمشێوەى ئێستایان نەهێڵێت، راشیگەیاندووە دەرکەوتنى حەشد بەم شێوەیەى ئێستا زیان بەخۆیان و عێراق و دۆستەکانى ئێرانیش دەگەیەنێت و دەکرێنە ئامانجی هێرشەکانى ئیسرائیل و ئەمریکا، بەڵام ئەگەر دەستبەرداری جلوبەرگ و لۆگۆکانیان ببن و جلوبەرگی فەرمی سەربازانى عێراق بپۆشن دەبنە بەشێک لەو سوپایە و هیچ پاساوێکیش بەدەست ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە نامێنێت.
سەباح
ژنێکى ئێزدی لە ئیدلب دۆزرایەوە و گەڕایەوە نێو کەسوکاری
خەیری بوزانى لێپرسراوى ئازادکردکردنى رفێنراوەکانى ئێزدییەکان لە سەرۆکایەتىی هەرێمى کوردستان رایگەیاند ژنە ئێزدییەکیان لە ئیدلبی سوریا ئازادکردووە و گەڕێنراوەتەوە نێو کەسوکارەکەى کە لە لایەن چەکدارەکانى داعشەوە لەکاتى هەڵکوتانە سەر شەنگال رفێنراوە.
لە ماوەى ئەو دەساڵەدا ژمارەى ژنە ئازادکراوەکان گەیشتووەتە سێ هەزار و 581 کەس.
ژنە ئازادکراوەکە ناوى سلڤانا خدرییە، تەمەنى 29 ساڵە، پاشئەوەى لە لایەن چەکدارەکانى داعشەوە رفێنراوە براوەتە ئیدلب، ماوەی هەفتەیەکە شوێنەکەیان دۆزیوەتەوە و پاشان گەڕاندویانەتەوە بۆ کۆمەڵگەى شاریا لە قەزاى سیمێل لە پارێزگاى دهۆک، باوکی سلڤانا و دوو خوشکى دیکەى لەسەر دەستى چەکدارەکانى داعش لە ساڵی 2014 کوژراون و تا ئێستاش چارەنوسى دایکی نادیارە، لە ئێستادا لەگەڵ خوشک و برایەکیدا ژیان بەسەردەبات.
لە رفێنراوەکانى دەستى داعش شەش هەزار و 417 کەس ماون ئازادبکرێن، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێییەن و دوو هەزار و 869یان نێرینەن.
مەدا
دوو پرۆژەى عێراق دەچنە ریزبەندى پرۆژە گەورەکانى جیهان
پێگەى (The BIM)ـى بەریتانى کە تایبەتە بە ریزبەندیکردنى پرۆژە گەورەکانى جیهان، بیناى بانکی ناوەندى و پرۆژەى بەندەری فاوى عێراقى خستە ریزبەندیی یەکەمەکانى جیهان.
پێیوایە هەردوو پرۆژەکە لە هەموو رووەکانەوە تواناى عێراق لە بەرەوپێشەوەچوونى بیناسازیی و ئەندازیارییدا نیشان دەدەن.
بەندەرى فاو لە ریزبەندی دەیەم و بانکی ناوەندیش لە ریزبەندی یازدەهەمینى جیهاندایە، بەگوێرەى راپۆرتى پێگە بەریتانییەکە لە روانگەى ئەندازیاریی بیناسازیی.
پێگەى (The BIM)ـى بەریتانى دیارترین کەناڵی تایبەتمەندی بوارى پرۆژە گەورەکانى جیهانە لەبارەى بیناگەورەکان، داهێنانە تەکنۆلۆژییەکان، شارى زیرەکەوە، راپۆرتى ساڵانەى هەیە و لەسەر ئاستى جیهانیش پشت بە زانیارییەکانى دەبەسترێت و لە لایەن میدیا و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشەوە بۆچوونەکانیان بەهەند وەردەگیرێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
شۆفێری شەمەندەفەرەکان مانیانگرتووە
لە پشووی کۆتایی هەفتەدا چەندان گەشتی شەمەندەفەر لە نێوخۆی بەریتانیا هەڵوەشانەوە. چونکە سەندیکایەکی پیشەیی شۆفێری شەمەندەفەرەکان بە ئەندامەکانی گوتبوو نابێت بەسەر بەفرەکەدا بڕۆن.
خزمەتگوزاریی هێڵەکانی ئاڤانتی وێست کۆست کە لە شارەکانی لیڤەرپوڵ و لەندەن کاردەکەن، لە بەیانیی رۆژی یەکشەممەدا نەچوون بەلای کارەکانیانەوە.
ئەم شۆفێرانە لەناو ئەو توێژەدان، کە داوای زیادکردنی کرێی کاری مانگانەی خۆیانیان کردبوو، بەڵام حکومەت هەر هێندە بۆی بەرزکردنەوە، کە موچەی ساڵانەکەیان بگات بە حەفتا هەزار پاوەن.
تایمز
ترەمپ بە گاڵتەوە دەڵێت کەنەداش بخەنە سەر ئەمریکا
دوێنێ جاستن ترودۆ لەپاش دە ساڵ لە فەرمانڕەوایی دەستی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا کێشایەوە. چونکە هەستی کردبوو، ئاستە جەماوەرییەکەی دابەزیوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکاش بە گاڵتەوە گوتویەتی کەنەداش بخەنە سەر ئەمریکا بەڕێوەیدەبەم.
ترەمپ کە هەڕەشەی ئەوە دەکات لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ کۆشکی سپی باجی گومرگیی زۆر بخاتە سەر ئەو کەرەستانەی روو لە ئەمریکا دەکەن، بە گاڵتەوە بە ترودۆی گوتبوو، ئەو کەسە پارێزگاری ویلایەتی پەنجاویەکەمی ئەمریکایە، واتە کەنەداش ویلایەتێکی ئەمریکییە. لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی نوسیویەتی ئەگەر کەنەدا بگەڕێتەوە سەر ئەمریکا، کاریان ئاساندەبێت، نە گومرگ لە نێوانیاندا دەمێنێت و نە باج.
گاردیەن
سەرۆکوەزیران سەرکۆنەی مەسک دەکات
کێیە ستامەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رەخنەی لە ئیلۆن مەسک گرت و گوتی ئەو کەسە بە بەردەوامی هێرشی بێمانا و بێبنەما دەکاتە سەر حکومەتی بەریتانیا. لەمبارەوە گوتویەتی ئەو بانگەشە بێبنەمایانەی لەبارەی گرومینگ گەنگەوە بڵاویاندەکاتەوە تەنها ژەهر رشتنێکە بۆئەوەی شەقام بە راستڕەوە پەڕگیرەکان بجوڵێنێت. بە تووڕەییشەوە رەخنەی لە ئەندامەکانی پارتی پارێزگاران گرت و گوتی ئەوانە هەر لە خۆیانەوە سواری ملی بابەتەکان دەبن.
زە ئەیج
بە هۆی هەڵخەڵەتاندنەکانی سۆشیالمیدیاوە ساڵانە ئوستراڵییەکان ٣٧ ملیۆن دۆلار زیانیان بەردەکەوێت
کاتێک کە بۆ یەکەمجار ئیمەیلێک لە ناونیشانێکی نەناسراوەوە گەیشت بە سندوقی ئیمەیلەکانی بازرگانێکی نێودەوڵەتی، بە بێ بیرلێکردنەوە سڕییەوە، گوتی هیچ نییە بانگەشەیەکی بێمانایە. ئەو ئیمەیلە بۆی نوسیبوو، سڵاو: ئایا تۆ بازرگانێکی یاساییت، یان هەڵخەڵەتێنەریت؟
گارێت بازرگانێکی لەندەنە، ئیمەیلەکە بۆ ئەو نێردرابوو، بەبێ ئەوەی سەیری بکات سڕیبویەوە. بەڵام لە هەفتە و مانگەکانی داهاتووی پاش ئەوەدا چەندان نامەی تری هاوشێوەی ئەوەی پێشووی لە هاوڵاتیانی ئوسترالی و نیوزیلەندییەوە بۆ هاتووە و پرسیاریان لێکردووە ئەنجامی کارەکانیان بەچی گەیشتووە، گارێت نەیدەزانی کە ئیمەیلێکی بازرگانیکردنی خۆی لەلایەن دەستەیەک چەتەوە دەستی بەسەرداگیراوە و بە رێگەی ئەو ئیمەیلەی ئەوە لە لینکد ئین و فەیسبووک و ماڵپەڕەکانی ترەوە پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە و بەڵێنی دامەزراندنیان پێداون. هەزاران خەڵکی ئوسترالی کەوتوونەتە داوی ئەم تەڵەکەبازییەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهوریەت
ئاماژەکانی چۆنیەتی ئازاد کردنی ئۆجالان بەدەرکەوتن
بەبێ ئەوەی پێویست بە لێبوردن بکات، لەزاری بەرپرسانی مەهەپەوە چۆنیەتی گواستنەوەی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ زیندانی نێو ماڵ ئاشکرا دەکرێت.
لەئێستادا شاندی ئیمراڵی سەردانی لایەنەکان دەکەن و بریارە ئەمڕۆ لەگەڵ جەهەپە کۆبوونەوە بکەن و لەلایەن سەرۆکی پارتەکەوە پێشوازیان لێدەکرێت.
بەگوتەی بەرپرسانی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل خۆی کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەبات و هەوڵی تێست کردنی دۆخەکە دەدات، بزانن تاوەکو چەندە لایەنەکان دڵسۆزن لە هەنگاوەکان بەرەو ئاشتی.
هەرجی لایەنی مەهەپەو سەرۆکەکەیەتی، هەنگاوێکی دیکە دەنێت، لەزاری فەتی یڵدز یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپەوە ئاشکرا کراوە کە ئەگەر کێشەی تەندروستی بۆ زیندانیەک دروست ببێت، ئەوا هەتاوەکو چاک دەبێتەوە دەکرێت ئازاد بکرێت بەم شێوەیەش بەبێ ئەوەی پێویست بە لێبوردن بکرێت، دەتوانرێت ئۆجالان ئازاد بکرێت لەنێو ماڵدا زیندانیەکەی بەسەر بەرێت.
حوریەت
باڵۆنی خۆلاواز کردن قەدەغە کرا
وەزارەتی تەندروستی تورکیا، بەپێی رێککەوتن و بە لەبەرچاو گرتنی بڕیارەکانی یەکێتی ئەوروپا لەمەڕ قەدەغەکردنی باڵۆنی خۆلاواز کردن کە لەرێی قوتدانەوە لە گەدەدا جێگیر دەکرێت، بەهۆی ئەوەی کە مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات، قەدەغە کرا.
لەکاتێکدا ساڵی رابردوو لە تورکیا 6500 کەس ئەم پرۆسەیەیان بۆ خۆ لاواز کردن ئەنجام داوە.
تورکیا
هۆشداری ئەردۆغان لەبارەی رۆژئاڤا: شەوێک لەناکاو خۆمانی پێدا دەکەین
کابینەی حکومەتەکەی تورکیا بەسەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوەی یەکەمی ساڵی تازەی خۆی ئەنجام دا، لەدوای کۆبوونەوەکە، ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا گوتی ، ئەوانەی هەڕەشەی داعش بە هەل دەزانن و دەیقۆزنەوە، بەردەوام بەرەنگاریان دەبینەوە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، کە لە داهاتووی ناوچەکەدا تیرۆر جێگەی نابێتەوە. هۆشداریەکی تری ئەردۆغان بۆ سووریا لەمەڕ ئەو هەوڵانە بوو کە دەدرێت بۆ تێکدانی یەکپارچەیی سووریا و ئاماژەی بەوەدا لەم بارەیەوە هەر بچوکترین مەترسی ببینین، شەوێک لەناکاو خۆمانی پێدا دەکەین.