ئەنچیلۆتى دەڵێت ریاڵ مەدرید بە هەمان جۆش و خرۆشەوە یارییەکەى ئەمشەو دەکات و ئامادەنەبوونى کۆرتوا و رۆدیگێریشى راگەیاند.
لە کۆنرانسى رۆژنامەنووسى تایبەت بە یارییەکەى ئەمشەوى بەرامبەر مینێرا لە جامى شاى ئیسپانیا، کارلۆ ئەنچیلۆتى راهێنەرى ریاڵ مەدرید ئاماژەى بەوەکرد، بە هەمان جۆش و خرۆشەوە یارییەکە دەکەن، لەبەرئەوەى پێشبڕکێیەکى گرنگە و رێز لە درێس و رکابەر و پێشبڕکێکەش دەگرت، هەوڵ دەدەن ئەوەى لە توانایاندا هەیە بیکەن بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناغى داهاتوو.
ئەنچیلۆتى روونیکردەوە، سەرجەم یاریزانەکان بە ڤینیسیۆسیشەوە ئامادەى یارییەکە دەبن تەنیا تیبۆ کۆرتوا و ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر نەبێت، لەبەرئەوەى دەیەوێت خولەکى زیاتر بدات بەو یاریزانانەى کەم یارییان کردووە.
راهێنەرە ئیتاڵیەکە دووپاتیکردەوە، دڵنیان ڤینیسیۆس شایستەى کارتى زەرد بووە نەک سور لە یارییەکەى ڤالانسیا، هیوادارن سزاى زیاتر نەدرێت و دەشڵێت “ناتوانم لە جێگەى ڤینیدا بم، بەڵام قورسە ئەم هەموو سوکایەتیە هەڵبگریت لەگەڵ ئەمەشدا هەوڵى باشتربوون دەدات، هیچ کەسێکیش کامڵ نییە، بەڵام ئەو تا ئەو ئاستە باشتربووە، کە بوو بە باشترین یاریزانى جیهان”.