عەدنان درجال پێیوایە کاساس راهێنەرێکى سەرسەختە و هەڵەى زۆرە، هاوکات دانبەوەشدادەنێت یەکێتى تۆپى پێکەشیان هەڵەى هەیە.
لە کۆبوونەوەى تایبەتى لەگەڵ شرۆڤەکاران و راهێنەرانی عێراقى، عەدنان درجالى سەرۆکى یەکێتى تۆپى پێى عێراق ئاماژەى بەوەکرد، هەمووان هەڵەیان هەیە، تەنانەت ئەوانیش لە یەکێتییەکە هەڵەیان هەیە و هەوڵى چارەسەرکردنیان دەدەن.
درجال گوتى “پێویستبوو زووتر لەگەڵتاندا دابنیشم و گوێتان لێبگرم، ئێستا لە ماوەیەکى قورسدا تێدەپەڕین، بەتایبەت کە دوو یارى ئاست بەرزمان بەرامبەر کوەیت و فەڵەستین لەبەردەمدایە لە پاڵاوتنى مۆندیالدا”.
لە بارەى خیسۆس کاساسى راهێنەرى شێرەکانى رافیدەینەوە درجال دەڵێت “کاساس زۆر کەلـلەڕەقە و بۆچوونى کەس وەرناگرێت و هەڵەى زۆریشى هەیە، تێبینى ئەوەشمان لە جامى ئاسیا کرد”.
ئەوەشى ئاشکراکرد، کاساس بڕواى تەواوى بە عەلى حەمادى و زیدان ئیقباڵ و چەند یاریزانێکى دیکەى هەڵبژاردەکە نییە و هەوڵ دەدەن قەناعەتى پێبکەن.
درجال بۆ ئامادەبوانى دووپاکردەوە، کە ئەوان چاودێرى پێشنیاز و لێدوانەکانیان لە لە بەرنامەکاندا دەکەن و سوپاسیان دەکات بۆ دیاریکردنى هەڵەکانیان، وەک لیژنەى هونەرى هەڵبژاردەى عێراق دایان دەمەزرێنێت و دەیانکات بە راوێژکارى خۆى.