زووم..
سەنتەری میترۆ پێشوازی لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەكات بە هەڵوەشانەوەی بڕیاری سزای سێ ساڵ زیندانی بۆ رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و دەستخۆشی لە تیمی پارێزەرانی دەكات.
سەنتەرى میترۆ لە راگەیەنراوێک ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، نەریمان ئەحمەد، پارێزەری رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد رایگەیاندووە، دادگای پیداچوونەوە بڕیاری (ئازادكردن)ـی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدی دەركردووە، راشیگەیاندووە، دواى ئەوە دەستدەكەین بە رێوشوێنی ئازادكردنی.
بە بە گوێرەى راگەیەنراوەکە ناوبراو راشیگەیاندووە، دادگا پێداچوونەوە هیچ بەڵگەیەك بۆ ئەو تۆمەتباركردنە لەبەردەست نەبووە، بۆیە بڕیاری هەڵوەشانەوەی حوكمەكەی داوە.
سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز لە 25ـی تشرینی یەكەمى 2023 لە دەروازەی فیشخابور دوای بەشداریكردنی لە پرسەی باوكی سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كردبوو، لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ سەر كارەكەی دەسگیركرا، پاش 211 رۆژ رێگە بە پارێزەرەكانی درا سەردانی بكەن.
رێكەوتی 29ـى تەموز، لەهۆڵی دادگای دهۆك دانیشتنی دادگایی ئەو رۆژنامەنووسە بەڕێوەچوو، بە مادەی 1ـی ژمارە 21ـی ساڵی 2003 پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە “پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە” سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
میترۆ داوادەكات، دادگاكان وەك فاكتەرێكی فشار و تۆڵە سەندنەوە لە دژی رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان بەكار نەهێنرێت، هەروەها رایگەیاندووە، پێویستە لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە و ئازادی رادەربڕین زەمینە سازی بڕەخسێنرێت بۆ فەراهەم كردنی پرۆسەیەكی دادگایی كردنی دادپەروەرانە.