زووم…
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، پێدەچێت ئەمڕۆ جەستن ترۆدۆی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دەستلەکارکێشانەوەی رابگەیەنێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتووە بە بڕیاری کۆتایی.
دوێنێ سەرچاوەیەکی نزیک و ئاگادار لە کاروبارەکانی ترودۆ ئەم زانیارییەی بە رۆژنامەی گڵۆب ئەند مەیل داوە. ئەو سەرچاوەیە بە ئەم رۆژنامەیەی گوتووە ترودۆ نۆ ساڵە سەرکردەی پارتی لیبراڵی کەنەدییە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەمڕۆ بە واژۆى خۆی پۆستی سەرۆکایەتییەکەی بەجێبهێڵێت.
رەنگە هۆکاری وازهێنانەکەی ترودۆ ئەوەبێت بەگوێرەی راپرسییەکان دەردەکەوێت بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو، پارتەکەی ترۆدۆ لەبەرامبەر پارێزگارەکاندا شکست بهێنێت.
سەرچاوەکان بە ئەو دوو رۆژنامەیان گوتووە، دڵنیانین لەوەی ترودۆ پۆستەکەی بەجێدەهێڵێت، بەڵام وای بۆ دەچن بکەوێتە پێش کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتەکەوە، کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە ئەنجام بدرێت.
ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام پەرلەمانە لیبراڵەکان بەهۆی بینینی ئەنجامی راپرسییەکانەوە داوایان لە ترودۆ کردووە پۆستەکەی بەجێبهێڵێت. بەڵام نووسینگەی سەرەکوەزیران وەڵامێکی روونی بەو داوایانە نەداوەتەوە، بەڵکو لە راگەیەندنەکەیدا باس لەوە دەکات، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران دەکات، بۆ قسەوباس لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوانی کەنەدا و ئەمریکاوە.