زووم…
روانگەى سوریا بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاویکردەوە، یەکێک لە داواکراو و تۆمەتبارەکانی رژێمی بەشار ئەسەد، لە پێکدادانێکی چەکدارییدا لە پارێزگای لازقیە کوژراوە.
بەگوێرەى روانگەکە، لە میانەى گەڕان و پشکنین بەدوای تۆمەتباران و ئەو کەسانەى دەستى تۆمەتیان بۆ ئاڕاستەدەکرێت، هێزە چەکدارەکانى ئیدارەى نوێی سوریا رووبەڕووی ئەو تۆمەتبارە بوونەتەوە و بەرگریی کردووە.
راگەیەنراوەکە ناوى تۆمەتبارەکەى نەبردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەکاتى رووبەڕووبوونەوەکەدا نارنجۆکێکی ئاڕاستەى هێزە ئەمنییەکان کردووە و دوو چەکداری ئەو هێزانە گیانیان لەدەستداوە بەڵام دواتر ئەو کەسە کوژراوە.
ئیدارەى نوێی سوریا دوای کەوتنى ئەسەد، بە چڕوپڕی سەرقاڵی گەڕان و پشکنینە بەدوای تۆمەتبارانى ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییەى رژێمی بەشار ئەسەد ئەنجامیداون، تاکو ئێستاش چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و لە پارێزگاکانى لازقیە و تەڕتوس و درعا و هەندێک پارێزگا و ناوچەى دیکە، هەندێکجار داواکراوەکان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە و بەهۆیەوە پێکدادان و پشێوی و دروستدەبێت.