زووم..
خواستی نەشتەرگەریی جوانکاری لە ئێران بە رادەیەک زیادی کردووە، کە تەمەنی ئەنجامدانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بۆ 14 ساڵ کەم بووەتەوە.
ئیبراهیم رەزم پا، ئەندامی کۆمەڵەی زانستی نەشتەرگەری لوت له ئێران دەڵێت، لە رابردوودا تەمەنی پەسەندکراوی نەشتەرگەری جوانکاری 18 ساڵ بووە، بەڵام ئێستا کچانی تەمەن 14 ساڵ و کوڕانی 16 ساڵ دەتوانن ئەو نەشتەرگەریانە ئەنجام بدەن.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی ئەبرای ئێرانی، ئەم گۆڕانکارییە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ رێکلامە بازرگانیەکان و فشارە کۆمەڵایەتییەکان، کە مرۆڤەکان پاڵدەنێت بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاری.
رۆژنامەکە دەڵێت، زۆر کەس بە تایبەت مێرمنداڵان هەوڵ دەدەن پێوەرەکانی جوانکاری کۆمەڵگا جێبەجێ بکەن، کە زۆرجار لە رێگەی بانگەشەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە فریو دەدرێن.
بەگوێرەی ئامارێکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ نەشتەرگەری جوانکاری، ئێران لە ساڵی 2022 لە پلەی 12ـەهەمینی جیهان بووە بۆ ئەنجامدانی زۆرترین جوانکاری و لەماوەی ئەو ساڵەدا 320 هەزار جوانکاری ئەنجامدراون.
ئامارەکە دەڵێت، نەشتەرگەری جوانکاری لووت باوترین نەشتەرگەرییە لە ئێران، دوای ئەویش هەریەکە لە نەشتەرگەری دەرهێنانی چەوری جەستە، دەرهێنانی چەوری ژێرچاو، دەرهێنانی چەوری ورگ، هەروەها جوانکاری سەرسنگ دێن.