زووم…
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ نوسیویەتی، ئەمریکا پشتگیرییەکی سنوردار لە حکومەتە نوێیەکەی سوریا دەکات و مەبەست لە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا ئەوەیە ئاسانکاری بکرێت بۆئەوەی کارە فریاگوزارییەکان بگەیەندرێن بە سوریا، بۆیە واشنتن بڕیاریداوە هەندێک لە رێوشوێنە توندەکانی سەر حکومەتە نوێیەکەی دیمەشق کەمبکاتەوە.
ئیدارەی بایدن پلانی هەیە ئەمڕۆ دووشەممە رایبگەیەنێت رێوشوێنە توندەکانی سەر سوریا کەمدەکاتەوە و دەیەوێت پرۆسەی گەیشتنی یارمەتییە فریاگوزارییە مرۆییە سەرەتاییەکان ئاسان بکات، بگەیەندرێن بە خەڵکی ئەو وڵاتە.
رۆژنامەکە دەڵێت، ئەمە مانای ئەوە نییە ئەمریکا قەدەغە و گەمارۆکانی سەر حکومەتە نوێیەکە هەڵدەگرێت.
کۆتایی هەفتەی رابردوو ئیدارەی حکومەتی ئەمریکا ئەم بڕیارەی تێپەڕاندووە. بڕیارەکە بوار بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەدات رێگەپێدان بدات بە ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی دەیانەوێت فریاگوزاری لە بواری ئاو و کارەبا و پێداویستییە مرۆییەکانی دیکەدا بگەیەنن بە سوریا.