زووم..
محەمەد ئەبازید، وەزیری دارایی حکومەتی راگوزەری سوریا رایگەیاند، لە مانگی داهاتووەوە مووچەی فەرمانبەرانی وڵاتەکەی بەرێژەی 400% زیاد دەکەن.
بەگوتەی محەمەد ئەبازید زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سوریا تێچووەکەی 1.65 ترلیۆن لیرەی سوریییە کە دەکاتە 127 ملیۆن دۆلار.
لەبارەی زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سوریا محەمەد ئەبازید رایگەیاندووە، “ئەمە یەکەم هەنگاوە بەرەو چارەسەرێکی کورتخایەن بۆ واقعی دۆخی ئابووری سوریا.”
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، تێکرای مووچەی بۆ فەرمانبەرێکی ئاسایی لە سەردەمی رژێمی رووخاوی ئەسەد مانگانە 25 دۆلار بووە، بەمەش دوای زیادکردنەکە مووچەی هەر فەرمانبەرێک دەبێت بە 125 دۆلاری مانگانە. 25 دۆلاری مانگانە بۆ فەرمانبەرێکی حکومی کەمە و رۆیتەرز دەڵێت، ئەو فەرمانبەرانەی ئەو بڕە مووچەیەیان هەیە لەخوار هێڵی هەژارییەوەن.
زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران دوای هەڵسەنگاندنی ژمارەی مووچەخۆرانی سوریا دێت کە ژمارەیان 1.3 ملیۆن مووچەخۆرە و بڕیارە مووچەی بندیوارەکان ببڕدرێت.
دراوی سوری لەدوای جەنگی ناوخۆیی 13 ساڵەی وڵاتەکە بەهاکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەشێکی زۆری دراو لە بانکی ناوەندی لیرەی سورییە، ئەمەش کێشەی بۆ حکومەتی راگوزەری سوریا دروستکردووە.
بەڵام محەمەد ئەبازید دەڵێت، کۆمەڵێک وڵاتی عەرەبی و هەرێمیی بەڵێنی ئەوەیان پێداون هاوکارییان بکەن و وەبەرهێنان لە سوریا بکەن، ئەم هەنگاوەش “یارمەتیمان دەدات مووچەی پێ زیاد بکەین.”
بڕیارە حکومەتی راگوزەری سوریا 400 ملیۆن دۆلاری بلؤۆککراویشی لە دەرەوە بۆ بگەڕێنرێتەوە و دەبێتە یارمەتیدەر بۆ خەرجییەکانی حکومەتی نوێی سوریا.