زووم..
غالیپ ئەنسەریئۆغڵو پەڕلەمانتاری ئاک پارتی لە بازنەى ئامەد رایگەیاند، سوود لە هەڵەكانی رابردوو وەردەگیرێت بۆ دەستپێکردنەوەی پرسەی ئاشتی و چاوەڕێ دەکرێت تاکو نەورۆز پەکەکە چەک دابنێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی یەنی ئاسیای تورکیا، غالیب ئەنسەریئۆغلۆ رایگەیاندووە، پڕۆسەی دەستپێکردنەوەى دیدارەکان لەنێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا بە وانە وەرگرتن لە هەڵەکانی پڕۆسەی پێشووتر هەنگاوی بۆ دەنرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی ئاک پارتی گوتووشیەتی، “ئیتر تورکیایەکی بێ شەڕ و سەقامگیر دەخوازین و چاوەڕێ دەکرێت تاکوو نەورۆزی ئەمساڵ پەکەکە چەکەکانی بە رووی تورکیا دابنێت.”
هەواڵی بڵاوبوونەوەی چەک دانانی پەکەکە لە میدیای تورکیادا گەرمە و پێشتریش رۆژنامەیکی تورکی بڵاویکردەوە، پەکەکە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ چەک دادەنێت.
بڕیارە ئەمڕۆ شاندی دەم پارتی لەگەڵ گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، جەهەپە، کۆببێتەوە و راوبۆچوونیان لەسەر دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دیدارەکەی ئیمڕاڵی بگۆڕنەوە.
پێشتریش ئەو شاندەی دەم پارتی کە سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانی کردبوو لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و هاوپەیمانی سەرەکی ئەردۆغان، کۆبوویەوە و گفتوگۆیان لەبارەی سەردانەکەیان بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان کرد.