زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
تاقیکردنەوەى شۆفێری گران کرا
لەپاش ئەوەی حکومەت بۆ ساڵی نوێ تێچووی دەرهێنان و نوێکردنەوەى مۆڵەتی شۆفێری لەسەر هاووڵاتیان بە رێژەى 30% گران کرد، هاوکات تێچووی تاقیکردنەوەى شۆفێران بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریش گران کرا. ساڵی پار نرخی تاقیکردنەوەى شۆفێران 750 لیرە بووە لەئێستادا بووەتە 1350 لیرەى تورکی. ئەو فێرخوازانەى لە تاقیکردنەوەى یەکەمدا دەرناچن پێویستە بۆ جاری دووم بڕی چوار هەزار لیرە بدەن.
یەنیچاخ
پەنابەرە سورییەکانی تورکیا بەنیازی گەڕانەوە نین
لە ملیۆنان پەنابەری سوری لە تورکیا و باکووری کوردستان تەنها 40 هەزاریان گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.
پەنابەرەکانی دیکە دەڵێن، ماڵ و حاڵمان لە سوریا نەماوە بگەڕێینەوە لەوێ لە خێمەدا ناژین و ئێمە لێرە دۆخمان باشە ناگەڕێینەوە.
ئوتکو چەکرئۆزەر، پەڕلەمانتاری جەهەپە لە سەردانی پەنابەرە سورییەکان پێیان راگەیاندووە، با دەوڵەتێکی نوێ لە سوریا پێکبێت ئەوکات رەنگە بگەڕێینەوە و لە ئێستادا پەلەمان نییە بۆ گەڕانەوە.
یەکێک لە پەنابەرەکان گوتویەتی، لێرە راهاتووین و دراوسێکانمان باشن جارێ بەنیاز نین بگەڕێینەوە بۆ سوریا.
یەنی ئاسیا
ئاک پارتی: لە نەورۆزدا پەکەکە چەک دادەنێت
غالیپ ئەنسەریئۆغڵو پەڕلەمانتاری ئاک پارتی لە بازنەى ئامەد رایگەیاند، پڕۆسەی دەستپێکردنەوەى دیدارەکان لەنێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا بە وانە وەرگرتن لە هەڵەکانی پڕۆسەی پێشووتر هەنگاوی بۆ دەنرێت.
گوتیشی، ئیتر تورکیایەکی بێ شەڕ و سەقامگیر دەخوازین و چاوەڕێ دەکرێت تاکوو نەورۆزی ئەمساڵ پەکەکە چەکەکانی بە رووی تورکیا دابنێت.
تورکگون
لە 2025 دا بازرگانی دەرەکی تورکیا دەگەیەنرێتە 1.3 تریلیۆن دۆلار
جەودەت یڵماز یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە ساڵی 2025 دا ئابووری وڵاتان بەرەو داڕمان دەچێت، بەڵام تورکیا بە پێچەوانەوە تادێت ئابووری بەهێزتردەبێت و قەبارەی بازرگانی دەرەکی زیاتر دەبێت.
گوتیشی، ئامانجمان وایە لە ساڵی 2025 لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا بە قەبارەى 1.3 تریلیۆن دۆلار بگەین.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
چوار پەرلەمانتاری کرماشان لە لیستی خراپترین نوێنەرانی ئێراندان
چوار نوێنەری پارێزگای کرماشان لەنێو 20 ئەندامی پەرلەمانی ئێراندان، کە کەمترین بەشدارییان لە کۆبوونەوەکان و دەنگدانەکاندا هەبووە.
بە گوێرەی پەیڕەوی پەرلەمان پێویستە نوێنەران لە کاتی دەنگداندا ئامادە بن و دەنگەکانیان تۆمار بکەن؛ بە پێچەوانەوە وەک بەشدارنەبوو تۆمار دەکرێن.
ئەم ئامارانە کە لە پشکنینی رەفتاری نوێنەرانەوە بەدەست هاتوون، نیشان دەدەن کە هەندێکیان نەیانتوانیووە ئەرکی نوێنەرایەتی خۆیان جێبەجێ بکەن.
بوونی چوار نوێنەری کرماشان لە لیستی ئەو نوێنەرانەی کەمترین بەشدارییان لە پەرلەماندا هەبووە رەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و دەتوانێت کاریگەریی لەسەر متمانەی خەڵک هەبێت.
هەمدەلی
قەیرانی سووتەمەنی بارهەڵگرەکان لە سنووری ئێران و تورکیا گەیشتە لوتکە
تورکیا باجی سووتەمەنی خستووەتە سەر بارهەڵگرەکانی ترانزێتی ئێران، ئەمەش بووەتە هۆی مانەوەی زیاتر لە هەزار بارهەڵگری ئێرانی لەسەر سنوور.
بە گوێرەی یاسا نوێیەکە، شۆفێرە ئێرانییەکان دەبێت باجێک بدەن کە نزیکەی 900 دۆلارە بۆ پڕکردنی تانکیی بارهەڵگرەکانیان.
قەیرانی ئێستا ئاڵوگۆڕی کاڵای پەکخستووە و تێچووی زیاد کردووە و توانای کێبڕکێی کاڵای ئێرانی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان کەم کردووەتەوە.
شۆفێرانی بارهەڵگرەکان داوای هەماهەنگی لە نێوان ئێران و تورکیا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە و کەمکردنەوەی زیانە ئابوورییەکان.
ئەبرار
له ئێران تەمەنی نەشتەرگەری جوانکاری گەیشتووەتە 14 ساڵ
خواستی نەشتەرگەریی جوانکاری لە ئێران، بە رادەیەک زیادی کردووە کە تەمەنی ئەنجامدانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بۆ 14 ساڵ کەم بووەتەوە.
ئیبراهیم رەزمپا، ئەندامی کۆمەڵەی زانستی نەشتەرگەری لوت له ئێران ئاماژەی بەوەدا، کە لە رابردوودا تەمەنی پەسەندکراوی نەشتەرگەری جوانکاری 18 ساڵ بووە، بەڵام ئێستا کچانی تەمەن 14 ساڵ و کوڕانی 16 ساڵ دەتوانن ئەو نەشتەرگەریانە ئەنجام بدەن.
ئەم گۆڕانکارییە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ رێکلامە بازرگانیەکان، فشارە کۆمەڵایەتییەکان کە مرۆڤەکان پاڵدەنێت بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاری.
زۆر کەس بە تایبەت مێرمنداڵان، هەوڵ دەدەن پێوەرەکانی جوانکاری کۆمەڵگا جێبەجێ بکەن، کە زۆرجار لە رێگەی بانگەشەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە فریودەدرێن.
ئاگاهـــ
لە ئێران ساڵانە شەش هەزار منداڵ دەدرێنە هەتیوخانەکان
جەواد حوسێنی، بەرپرسی رێکخراوی گوزەرانی ئێران رایگەیاند، ساڵانە نزیکەی شەش هەزار منداڵی هەتیو یان بێ سەرپەرشت، دەدرێنە ناوەندەکانی هەتیوخانە.
نیوەی ئەو منداڵانە لە شوێنێک دامەزراون یان دەگەڕێنەوە بۆ لای خێزانەکانی خۆیان یان بەدیلەکانیان.
لە 50٪ـی ئەو منداڵانەی کە بێ بنەماڵەن، رێکخراوی خێرخواریی “بێهزیستی” سەنتەری چاودێرییان بۆ دروست دەکات.
حوسێنی بە ئاماژەدان بە سیاسەتەکانی حکومەتی رایگەیاند، لە ئێستادا 8500 منداڵ کە سەرپەرشتیاری خراپیان هەیە لە 630 ماڵی چاودێریی رێکخراوی خێرخوازیی “بێهزیستی” دەهێڵرێنەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
تەلئەبیب وردەکاریی کوشتنى حەسەن نەسروڵا ئاشکرا دەکات
چاودێریی سەربازیی ئیسرائیل، لەبارەى کوژرانى حەسەن نەسروڵاوە هەندێک زانیاری نوێی بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە لە ساڵی 2006ـەوە حەسەن نەسروڵا چاودێریی کراوە و سەرجەم جموجوڵەکانی لەژێر کۆنترۆڵی بەرپرسە سیاسییەکاندا بووە، بەڵام بڕیاری کوشتنى نەدراوە تا ئەو کاتەى وادەى خۆی دێت.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، لەکاتى هێرشەکانى حەماس دا نەسروڵا ئاگادارکراوەتەوە کە دەستێوەردان نەکات و پشتیووانى لە حەماس نەکات، بەڵام ئەو رازیی نەبووە، هەربۆیە کاتى ئەوە هاتووە کۆتایی پێبهێنرێت.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەداوە، نەسروڵا گەورەترین داردەستى ئێران بووە لە ناوچەکەدا، چوار رۆژ پێش لە کوژرانى سەرجەم جموجوڵەکانى خراوەتە ژێر چاودێریی و لە ئەنجامدا بە بڕیاری ئەنجومەنێکى تایبەتى کە هیچ دەنگێکی ناڕازیی تێدا نەبووە و لەکاتى کۆبوونەوەیەکی لە قوڵایی زەویدا بەبڕیاری راستەوخۆی بیامین نەتانیاهۆ لە رۆژى 27ـى ئەیلوولى 2024 و بە 14 فڕۆکە هێرشى کراوەتە سەر و 80 تەن تەقەمەنییان بەرداوەتەوە بەسەر ئەو بینایەدا کە کۆبوونەوەى تێدا کراوە و، بەگوێرەى رۆژنامەکە هیچ کەسێک لەو بینیایەدا بە زیندوویی دەرنەچووە.
عەرەب
سودانى سەردانی ئێران دەکات و دۆخی هەستیاری بەغدادیان بۆ شیدەکاتەوە
چاوەڕێدەکرێت رۆژی چوارشممە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى تاران بکات و لە نزیکەوە لەگەڵ گەوەرە بەرپرسانى ئەو وڵاتە تاوتوێى دۆخی هەستیاری بەغداد بکرێت و پەیوەندییەکانیان دابڕێژنەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەم سەردانەى سودانى جیاوازدەبێت لە سەردانەکانى ترى بۆ تاران، لەبەر ئەو گۆڕانکارییانەى کە لەناوچەکەدا رویانداوەو کاریگەرییان لەسەر ئێرانیش داناوە.
روخانى رژێمەکەى ئەسەد، کۆنترۆڵکردنى چالاکییەکانى حزبوڵاى لوبنان و بزوتنەوەى حەماس، داواى چەککردن و دوورخستنەوەى حەشدى شەعبی و بریاری سیاسی هەردوولایان کاریگەریی لەسەر ئەو پەیوەندییانە دادەنێت.
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانى سەردانەکەى سودانى بریتی دەبێت لە هاتنە سەرکارى دۆناڵد ترەمپ لەم مانگەدا و پێدەچێت سودانى داوا لە ئێرانییەکان بکات فشار بخەنە سەر ئەو میلشیایانەى عێراق کە لە ئێرانەوە نزیکن هێرش نەکەنە سەر ئەمریکیەکان لە عێراق بۆ ئەوەى عێراق لە ئەگەرى تێوەگلان لەجەنگ بەدوور بگیرێت ئەوە لەکاتێکدا دوو لە ئەڵقەکانى ئێران لە لوبنان و سوریا بچڕاون.
عەرەبی جەدید
ئوردن دانەوێڵەى زیاد لە پێویستى ناوخۆیی کۆگا دەکات
بەرپرسێکی حکومی ئوردن بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدی راگەیاند، وڵاتەکەى لەبەرهەمی ئەمساڵی دانەوێڵە رێژەیەکى زۆر کۆگادەکات کە زیاترە لە پێداویستى ناوخۆیی، بەگوێرەى لێدوانەکانى ئەو بەرپرسە ئوردن دەستیکردووە بە ئامادەکاریی بۆ گەنجینەکردنى گەنم و جۆ و بۆ ئەو مەبەستەش چەندی شوێنى لە ژێر زەویدا ئامادەدەکات.
بەشێوەیەکى گونجاوبێت بۆ کۆگاکردنیان و ماوەیەکى زۆر بمێننەوە، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ساڵانێک پێش لە ئێستاش لە چەند پارێزگایەکی وڵاتەکەدا چەندین سایلۆی هەڵگرتنى دانەوێڵە دروستکراون ، بەڵام لەم قۆناغەدا لە بری سایلۆی بەرز سایلۆی ئاسۆیی لە ژێر زەویدا دروستدەکەن.
بەگوتەى بەرپرسەکە ژمارەیان 50 سایلۆی گەورەیە و تواناى هەڵگرتنی 500 بۆ 700 هەزار تەن دانەوێڵەیان هەیە.
قودسى عەرەبی
ئیسرائیل لەماوەى یەک ساڵدا 111 رۆژنامەنووسى کوشتووە
کۆڕبەندى میدیاکارانی فەلەستین بڵاویکردەوە، لە ماوەی ساڵی 2024ـدا 111 رۆژنامەنووسى کوشتووە و 64ـى دیکەشى دەستگیرکردووە، بەگوێرەى راپۆرتى ئەو کۆڕبەندە فەلەستین مەترسیدارترین شوێن بووە بۆ رۆژنامەنووسان، ئاماژەى بەوەشکردووە لە کاتى سەرهەڵدانى جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە تا کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەی کوژراوانى رۆژنامەنووس و تیمى میدیایی بەرزبووەتەوە بۆ 202 کەس و 145 کەسیشیان بەشێوەى کاتى دەستگیرکراون و 64ـى دیکەیان تا ئێستا لە ژێردەستى ئیسرائیلیەکاندان و چارەنوسیان نادیارە.
رۆژنامە ئینگلیزیییەکان
دەیلی مەیل
بە وەزیرەکان گوتراوە بە بڕیارێک بەکارهێنانی سکوتەری کارەبایی قەدەغە بکەن
رۆژنامەی دەیلی مەیل لێکۆڵینەوەیەکی کردووە و بۆی دەرکەوتووە رووداوەکانی پێکدادان بەهۆی سکوتەرە ئەلیکترۆنییەکانەوە لە ماوەی سێ ساڵدا بۆ دوو هێندە زیادیانکردووە. بەو هۆیەوە 29 کەس مردوون، چالاکوانانیش داوا دەکەن رێوشوێنی یاسایی توند بگیردرێتەبەر.
پێکدادانی سکوتەرە ئەلیکترۆنییەکان لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا کارەساتی خراپیان دروستکردووە، بەم هۆیەوە داوا دەکرێت یاسای بەکارهێنانیان بگۆڕدرێت.
هۆکاری روودانی ئەو هەموو مردن و برینداربوونە خراپانە دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی ئەو سکوتەرانە. هەڵمەتێک ئەنجامدراوە و کەسوکاری ئەو یەکەمین کەسە پیادەڕەوەشیان تێدایە، کە لەسەر شەقامێک سکوتەر کوشتویەتی، هەموویان داوادەکەن یاسا و رێوشوێنی نوێ و توند بۆ بەکارهێنانی ئەو سکوتەرانە دابنرێن.
تایمز
ئیلۆن مەسک دەڵێت: فاراج لەو ئاستەدا نییە، بتوانێت ریفۆرم ئەنجامبدات
ئیلۆن مەسکی گەورە سەرمایەداری ئەمریکی گوتی نایجڵ فاراجی سەرکردەی ریفۆرمخوازەکانی بەریتانیا لەو ئاستەدا نییە، بتوانێت چاکسازی و ریفۆرمکردن ئەنجامبدات. بۆیە پێویستە بگۆڕدرێت بە کەسێکی دیکە.
لە پڕێکدا پەیوەندییەکانی نێوانی ئەم دوو کەسایەتییە بە خراپی تێکچوو. بۆیە مەسک لەبارەی ئەوەوە دەڵێت شتی زۆری برد و هیچیشی پێشکەش نەکرد.
نایجڵ فاراجی سەرکردەی ریفۆرمخوازەکانی بەریتانیا لە مانگی کانوونی یەکەمدا لە ناوچەی گەشتیاریی مارالاگۆی ئەمریکا کۆبوونەوە و دیدارێکی لەگەڵ ئیلۆن مەسکدا هەبووە، تیایدا قسەیان لەبارەی ئەو بەخششە داراییانەوە کردووە، کە مەسک پێشکەشی پارتەکەی فاراجی دەکات. ئاراستەی قسە و گفتوگۆکان بە شێوەیەک رۆیشتوون، کە مەسک لە فاراج ناڕازی بووە، داوایکردووە لە سەرکردایەتیی پارتەکە لابدرێت و لە شوێنەکەی ئەودا تۆمی رۆبنسنی سەرکردەی پێشووی ئەنجومەنی بەرگریی بەریتانیا بکرێت بە سەرکردەی پارتەکە.
گاردیەن
سوپای ئۆکراین لە ناوچەی کورسک پێشڕەوییان کردووە
دوێنێ هێزە چەکدارەکانی سوپای ئۆکراین لە ناوچەی هەرێمی کورسکی ناو سنووری روسیا هێرشێکی لەناکاویان ئەنجامداوە. پێدەچێت ئەمە هەوڵێکی سوپای ئۆکراین بێت بۆئەوەی دەستپێشخەرییەکی سەربازیی نوێی خۆیان لە گۆڕەپانی شەڕدا بسەپێنن، پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بگەڕێتەوە ناو کۆشکی سپی. ناوەندەکانی راگەیاندن ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت هێزێکی زرێپۆشی ئۆکراینی بەناو کەشی بەفراویی گوندی (بۆڵشۆی سۆڵداتسکۆی)دا پێشڕەویی دەکەن. ئەم گوندە دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی ناحیەی (سودژا)ـی ئۆکراینییەوە، کە سوپای رووسیا دەستی بەسەردا گرتووە.
فاینەنشیەڵ تایمز
شاری نیویۆرک بەکارهێنانی شەقامێکی قەرەباڵغی کرد بە پارە
دوێنێ نیویۆرک وەک یەکەم شاری ئەمریکا باجی فەرمیی بۆ بەکارهێنانی شەقامێکی ناوچەیەکی قەرەباڵغ دانا. بۆئەوەی هەندێک لە پەستانەکەی سەر ئەو شەقامە کەم ببێتەوە.
ئەو شەقامە لە بەشی خوارەوەی سێنتراڵ پارکەوە دەستپێدەکات و دەگات بە باشووری مانهاتن. ئەگەر ئۆتۆمبێلی ئاسایی ئەو شەقامە بەکاربهێنن دەبێت نۆ دۆلار باج بدەن، ئۆتۆمبێلی گەورەتر باجی زیاتر دەدات.
بەرپرسانی هاتوچۆی ویلایەتەکە دەڵێن ئەم هەنگاوە وادەکات بڕی یەک ملیار و نیو دۆلاری دیکە بچێتە سەر داهاتی ساڵانەی دەزگای هاتوچۆ، کە دیسانەوە بۆ خزمەتگوزاریی هاتوچۆ و شەقامەکان بەکاردەهێنرێتەوە.