زووم..
رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، تورکیا دوژمنی راستەقینەی کوردە و دەیەوێت کورد توانای سەربازی نەمێنێت.
رامی عەبدولرەحمان لە هەواڵنامەی زووم رایگەیاند، پێکدادانی هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان لە مەنبج بەردەوامە، تورکیا و گرووپەکان دەیانەوێت کورد لە سوریا بسڕنەوە، تورکیا دەیەوێت کۆبانێ وێران بکات.
بەڕێوەبەری روانگەی سوری دەشڵێت، لە سوریا کەمینە بوونی نییە، بەڵکو پێکهاتە هەیە، نە کورد نە عەلەوی نە هیچ پێکهاتەیەکی دیکە کەمینە نین.
گوتەکانی رامی عەبدولرەحمان لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ بەڕێوەبەری خۆسەری لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، تورکیا و گرووپەکانی بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی رۆژاڤا.
لەدوای رووخانی رژێمی بەسار ئەسەد لە سەرەتای مانگی رابردوو، تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی هێڕشیان بۆ سەر رۆژاڤا دەستپێکردووە بەتایبەتی کۆبانێ، بەڵام بەهۆی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بەرگرییەکی تووند لە شارەکە هەیە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر روانگەی سوری رایگەیاند، لەو هاوکارییانەی ئەمریکا ناردوونی بۆ رۆژاڤا بەربەستی کۆنکرێتی هەن کە ئامانج لێیان بۆ دروستکردنی بنکەیەکی سەربازییە.
بەگوێرەی روانگەی سوری تا کۆتایی ئەمساڵ، ئەمریکا 233 بارهەڵگر هاوکاریی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ناردووە.