جەی سۆلومون
سەرۆکی داهاتوو هەلێکی ناوازە و دەرفەتێکی گونجاوی لەپێشە بۆ لاوازکردنی بەرەی مقاوەمە و رێگری لە هەوڵەکانی ئێران لەمەڕ پەرەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە؛ ئاخۆ ترەمپ ئەو هەلە دەقۆزێتەوە؟
لەنیوان ئەو هەموو شتانەی ساڵی رابردوو گۆڕانیان بەسەردا هات، رەنگە هیچیان لەو گۆڕانکارییە دراماتیکییە گرنگتر نەبێت بەسەر ئێران و بەرەی مقاوەمەکەیدا هات.
لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٤، وا دیار بوو ئێران زۆر نزیکە لەوەی ببێتە دەوڵەتیکی خاوەن چەکی ئەتۆم، هەروەها گرووپەکانی سەر بە ئێرانیش وا دەردەکەوت چنگی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گیرکردبێت. تیرۆریستانی حەماس هەرە کوشندەترین کۆمەڵکوژیان -لە دوای هۆڵۆکۆست- لە دژی جووەکان ئەنجامدا و تێیدا هەزار و 200 ئیسرائیلییان کوشت. مووشەکەکانی حزبوڵاش باکووری ئیسرائیلیان بە هاووڵاتیانی ئیسرائیلی چۆڵ کرد، لەولاشەوە حووسییەکانی یەمەن هاتوچۆی بازرگانییان لە دەریای سوور داخست. هاوکات، بەشار ئەسەدی دیکتاتۆری سوریا، هەرە نزیکترین سەرکردەی عەرەبی لە ئێران بەگەرمی لەلایەن سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو و دیپلۆماتکارە ئەوروپییەکانەوە پێشوازی لێدەکرا.
ئەمساڵ ساڵی گۆڕانکاریی گەورە بوو! ئەسەد ئێستا دوورخراوەتەوە و لە روسیایە، حزبوڵا رازی بووە بە ئاگربەست و حەماسیش بەهەمان شێوە نزیکە لە ئاگربەست. هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیلیش زۆرینەی ژێرخانی چەک و تەقەمەنیی سوریایان لە ماوەی مانگی رابردوودا تەختی ئەرز کرد.
هەموو ئەو رووداوانە و ستراتیجی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوە دەخەنە روو کەوا ئیدارەی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ هەلێکی دەگمەن و نایابی لەبەردەستە بۆ زیاتر تێکشکاندنی هاوپەیمانەکانی ئێران، بە ئەگەری زۆریشەوە کۆتاییهێنان بە خەونی ئێران لەوەی ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: کۆشکی سپی چی لە کۆتایی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە تەمای چییە و چی دەکات، لە کاتیکدا سەرۆکی هەلبژێردراو خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکات دەسەڵات بگرێتە دەست، مشتومڕی زۆر لە ئارادایە چ لەنێو ئیدارەی ترەمپ و چ لەنێو کۆمارییەکان سەبارەت بەوەی چۆن بەوپەڕی تواناوە رووبەڕووی ئێران ببنەوە و زرمێکی یەکلاکەرەوە و بکوژی تێسرەوێنن.
سیناتۆری کۆمارییەکان جەیمس ریش ئایدەهەو باوەڕی وایە پێویست ناکات هیچ هێزێکی دەرەوەی ئێران دەستی هەبێت لەوەی کۆتایی بە هەژموونی ئێران بهێنێت و تێکیبشکێنێت، لەکاتێکدا ئێران خۆی خەریکە کۆتایی بە خۆی دەهێنێت و لەڕێی کردەوەکانییەوە هەژموونی خۆی لاواز کردووە. ئەم سیناتۆرە، کە بەرپرسی داهاتووی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کۆمپانیای میدیایی “The Free Press”ـدا دەڵێت: “ئەوان [ئێران] باس لە چەکی ئەتۆم دەکەن، بەڵام کوا لەکوێیە؟ ئەگەر بیانتوانیایە لەمێژە پەرەیان پێدەدا و ئێستا خاوەنی بوون”. باوەڕیشی وایە ئێران رێگای لێگیراوە لەوەی ئەو ئامانجەی بەدی بهێنێت و ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی.
راویژکاری ئاسایشی نیشتمانیی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، جەنەرال هێربێرت رەیمۆند مەکماستەر تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە، پێیوایە ئێران و هاوپەیمانەکانی لە بەرەی مقاوەمە لە ئێستادا لاوازترن لەوەی کە هەن، ئەوەش هەلێکە بۆ ئەوەی کردەی زیاتر لە بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، بەڵام دەشڵێت دەکرێت بەتەنها لەڕێی کردەی سەربازییەوە نەبێت، بەڵکو لەڕێی فشاری دیپلۆماسی و ئابوورییەوە بێت.
هاوکات رەخنەش لە سیاسەتی ترەمپ دەگرێت و دەڵێت ترەمپ لەسەر هەندێک بابەت زۆر پێداگرە و لەسەر هەندێکی دیکە وانییە، ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات ترەمپ سیاسەتی “ئاشتی لەڕێی هێزەوە” پەیڕەو دەکات، ئەگەرچی لە هەندێک بارودۆخی تایبەتدا لەوەش دەکشێتەوە. سەرۆکی هەڵبژێردراو چواردەوری خۆی بەو سیاسەمەتدارانە تەنیوە کە زۆر توندن سەبارەت بە مەلەفی ئێران و پشتیوانیی کردەی دوژمنکارانەی وەکو بۆمبارانکردنی وڵاتەکە دەکەن لە بەرامبەر دەنگۆی پلانی تیرۆرکردنی سەرۆک لەلایەن بەکرێگیراوانی ئێرانەوە. سەرەڕای ئەوەش، ترەمپ بڕیاری داوە کۆتایی بە دەستوەردانی ئەمریکا لە گرژی و شەڕەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست بهێنێت و دەستوەردانی ئیدارەی ئەمریکا بۆ داڕشتنەوەی وڵاتانی ناوچەکە رەتدەکاتەوە.
پرسیارە سەرەکییەکە لێرەدایە، لەم رووەوە کام گرووپ زۆرترین کاریگەرییان هەیە؟ گرووپی دژەئێران، ناسراو بە “باز”ـەکان، کە لەلایەن مایک واڵتز، راویژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا و مارک رۆبیۆی پاڵێوراوی وەزیری دەرەوە رابەرایەتی دەکرێن، یان گرووپی “کەنارگیرەکان” ئەوانەی دژی دەستوەردانن لە کاروباری وڵاتانی دیکە، ئەم گرووپەش لەلایەن هەریەک لە جێگری سەرۆکی هەلبژێردراو جەیمس دەیڤد ڤانس و کاندیدی ترەمپ بۆ سەرۆکی هەواڵگریی ئەمریکا توڵسی گابەردەوە رابەرایەتی دەکرێن. سیناتۆر ریش بە پێگەی خۆی لە ئەنجومەنی پیران رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە داڕشتنی مشتومڕ لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. ئەم سیناتۆرە تەمەن ٨١ ساڵە، وەک زۆرێک لە سەرکردەکانی کۆمارییەکان، چین وەک رکابەری سەرەکیی ئەمریکا و گەورەترین هەڕەشەی سەربازی دەبینێت، نەک ئێران. ئەو پێیوایە چین لەم سەدەیەدا تەحەدای درێژخایەن بۆ ئەمریکا دروست دەکات و خەڵکی ئەمریکا بەتەواوی لە رادەی ئەو تەحەدایە تێناگەن.
ریش و یاسادانەرانی دیکەی کۆمارییەکان وەک تۆم کۆتۆن و تێد کروز لە چەند هەفتەی رابردوودا لێدوانیان دا و پشتیوانیی خۆیان بۆ رووخانی بەشار ئەسەد دەربڕی، بەڵام نیگەرانیی جدیشیان لەبارەی ئەو کەسایەتییە سیاسییانەوە خستەڕوو، کە رەنگە جێگەی بگرنەوە. ئەوان دووپاتی گومانەکانی ترەمپیان کردەوە سەبارەت بە توانای واشنتن بۆ داڕشتنی سیاسەتی دیمەشق و رایانگەیاند ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا دەبێت دەستەبەرکردنی کۆگاکانی چەکی کیمیایی سوریا بێت و دڵنیابوون لەوەی هەم ئێران و هەم گرووپە تیرۆریستییەکان، وەک قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی، یان داعش، نەتوانن بەئاشکرا لەو وڵاتەدا کاربکەن.
ریش وەک سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران دوودڵیی خۆی دەربڕی لە ئەگەری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سەرکردە نوێیەکانی سوریا، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە قاعیدە و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەوە هەیە. ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکو سروشتی راستەقینەی ئەم سەرکردانە و کارەکانیان نەبینێت، پشتگیری لە لابردنی سزاکان ناکات.
پرسێکی سەرەکی بۆ ئیدارەی ترەمپ لە سوریا ئەوەیە ئایا هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتەدا بهێڵێتەوە یان نا. لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ هەزاران سەربازی ئەمریکی رەوانەی باکووری سوریا کرد، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا لەگەڵ هاوپەیمانە کوردەکان کە تاڕادەیەکی زۆر داعشیان بنبڕکرد، بەڵام ترەمپ پێشنیازی کردووە کە نیازی هەیە ئەم هێزانە بکشێنێتەوە، هەرچەندە سەربازانی ئەمریکا و کورد هێشتا پاسەوانی هەزاران چەکداری زیندانیکراوی داعش دەکەن. ریش دەڵێت کورد بەبێ پشتیوانیی ئەمریکا نەیدەتوانی بەتەنیا داعش تێکبشکێنێت. هۆشداری دەدات لەوەی ئازادکردنی ئەو ژمارە زۆرەی چەکدارانی داعش بۆ جیهان مەترسیدار دەبێت و ئەگەری هەیە کێشەی زیاتری لێبکەوێتەوە.
دوای رووخانی بەشار ئەسەد، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال” Truth Social” رایگەیاند شەڕی سوریا “شەڕی ئێمە نییە” و پێشنیازی کرد ئەمریکا لەو ململانێ بەردەوامە دوور بکەوێتەوە. بەڵام هەندێک لە ستراتیجیستەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە تیمی ئەودا کاردەکەن ئاماژەیان بەوە کرد رەنگە پاراستنی ئەم پێگەیە قورس بێت، بەهۆی ئەو هەزاران سەربازە ئەمریکییەی لە ئیستادا لە سوریا جێگیرکراون و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعشیش لە ئارادایە. بەرپرسێکی ئیدارەی خولی یەکەمی ترەمپ باسی لەوە کردووە لەکاتێکدا رەنگە ناردنی هێزی زیاتر پێویست نەبێت، بەڵام رێگەی دیکە هەیە و ئەمریکا دەتوانێت کاریگەری لەسەر رووداوەکانی سوریا هەبێت.
هەروەها ژمارەیەک لە سیاسەتمەداران و ستراتیجیستەکانی کۆمارییەکان فشار دەخەنە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی سوود لە بارودۆخی لاوازی ئێران وەربگرێت و میلیشیا حوسییەکان بکاتە ئامانج، کە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکان و رۆژئاواییەکان لە یەمەنەوە. ئەو هێرشانەش بوونەتە هۆی زیادبوونی تێچووی کەشتیوانیی جیهانی بەهۆی گۆڕینی رێڕەوی کەشتییەکان. هەروەها پێشنیازی ئەوە دەکەن ئەمریکا ئەم دەرفەتە بەکاربهێنێت بۆ فشارخستنە سەر عێراق بۆ کەمکردنەوە یان بڕینی پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئێران.
ئیلیۆت ئەبرامز، کە نوێنەری تایبەتی ترەمپ بوو بۆ کاروباری ئێران لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ناوبراودا، پێشنیازی زیادکردنی هەوڵەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئێران دەکات و داوادەکات پەیامێکی روون بۆ ئێران بنێردرێت و ئاماژە بە زیانەکانی ئەمدواییەی هاوپەیمانەکانی و گرووپەکانی بەرەوی مقاوەمە بکات، کە خۆی لە کەمبوونەوەی کاریگەری لەسەر حەماس و حزبوڵا و لەدەستدانی تەواوەتی بەشار ئەسەد لە سوریا دەبینێتەوە. هاوکات ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە هەنگاوی داهاتوو دەبێت نەهێشتنی حوسییەکان بێت وەک بەشێکی سەرەکی لە کاریگەرییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
زۆرێک لە بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکی و ئیسرائیلی و عەرەبی سەردەمانێک پێیانوابوو بەرەی مقاوەمە نابەزێندرێت و بەشار ئەسەد بە شێوەیەکی کاریگەر لە شەڕی ١٣ ساڵەی خۆی لە دژی گرووپە سونییەکان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. بەڵام کردەوەکانی ئیسرائیل لە ماوەی ساڵی رابردوودا دەریخست ئەم هەڵسەنگاندنانە چەندە هەڵە بوون و ناچاری کردوون دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ توانا سەربازییەکانی تاران بکەنەوە. ئەو پرسیارە سەرەکییەی ئێستا لەنێو ستراتیجیستەکانی ترەمپدا دەکرێت ئەوەیە؛ ئایا ئێران بە درککردن بە لاوازیی خۆی، هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی خێراتر دەکات، یان پاشەکشە دەکات.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئەو دزەکردنەی مۆسادی ئیسرائیل بۆ نێو سەرکردایەتیی حزبوڵا و حەماس و ئێران بەو شێوە کاریگەرە، زۆر زیاتر بووە لەوەی ئیدارەی بایدن پێشبینی کردبوو. ئەمەش وایکرد ئیسرائیل بتوانێت سەرکردە سەرەکییەکان لە سەرانسەری بەیروت و دیمەشق و تاران تیرۆر بکات و بە شێوەیەکی کاریگەر پێکهاتەی فەرماندەیی حزبوڵا و حەماس پەکبخات. رووداوی تەقاندنەوەی پەیجەرەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە مانگی ئەیلول، کە بووە هۆی کوشتن و بریندارکردنی هەزاران ئەندامی حزبوڵا، هاوپەیمانانانی ئێرانی لە ناوچەکەدا هەژاند.
هێرشە سەربازییە راستەوخۆکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، بەتایبەتی لە مانگەکانی نیسان و تشرینی یەکەمدا بووە هۆی دەرخستنی لاوازیی بەرگریی ئێران. بەرپرسانی ئەمریکا ترسیان لەوە هەبوو ئەم جۆرە هێرشانە ببێتە هۆی وروژاندنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان هێرشی وێرانکەر بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنیی ئیسرائیل، بەڵام وەڵامدانەوکانی ئێران سنووردار بوون و زۆربەی هێرشە مووشەکییەکانی بەسەرکەوتوویی لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەرپەرچدرانەوە.
جۆن هانا، بەرپرسی باڵای پێشووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیدارەی جۆرج بووش، بۆ “The Free Press” ئەوەی خستەڕوو کە ئەگەری لێکەوتەی هێرشی راستەوخۆی ئێران لە رابردوودا لە ئاستی خۆی زیاتر گەورە کراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، کردەوە سەربازییەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیل دەریخستووە ئەم جۆرە هێرشانە جێبەجێ دەکرێن و کەمتر مەترسیدارن لەوەی پێشتر باوەڕیان پێدەکرا، ئەمەش خاڵی وەرچەرخانێکی بەرچاوە لە چۆنیەتیی سەیرکردنی کردەوە سەربازییەکان دژی ئێران.
راوێژکارانی ئێستا و پێشووی ترەمپ دەڵێن لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن چۆن ئەم پێشهاتانە دەتوانن رێگە بە ئیدارەی ترەمپ بدەن ئێران و هاوپەیمانەکانی، لەوانەش روسیا و چین زیاتر لاواز بکەن.
پرسێکی سەرەکی بۆ ترەمپ ئەوەیە ئایا ئامادەیە راستەوخۆ رووبەڕووی سەرکردایەتیی ئێران ببێتەوە یان نا. ماڵپەڕە هەواڵییە توندڕەوەکانی ئێران رەخنەیان لە سوپای پاسداران گرتووە بەوەی لە پێشهاتەکانی ئەمدواییەی سوریادا، بەشار ئەسەدیان بەتەنها جێهیشتووە، سەرەڕای وەبەرهێنانی لەڕادەبەدەری ئێران لە رژێمەکەیدا. رۆژنامەنووسانی ئێران ئاماژەیان بە بێزاریی پۆستەکانی ئەندامانی سوپای پاسداران لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، بەهۆی وەڵامنەدانەوەی بەهێزتر بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و تیرۆرکردنی سەرکردەکانی وەک حەسەن نەسروڵای حزبوڵا و ئیسماعیل هەنیەی حەماس (کە لە سەردانێکیدا بۆ تاران کوژرا).
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵا عەلی خامنەیی لەم دواییانەدا ئیسرائیل و ئەمریکای بە هۆکاری کەوتنی بەشار ئەسەد تۆمەتبار کرد و بەڵێنیدا پشتگیری لە بەرەی مقاوەمە بکات. ناوبراو رایگەیاند بەرەی مقاوەمە شتێکی بەرجەستە نییە بتوانرێت لەنێو ببرێت، بەڵکو باوەڕ و پابەندبوونێکی پتەوە، کە لە ژێر فشاردا لەبری لاوازبوون، بەهێزتر دەبێت.
بەرپرسانی ئیدارەی داهاتووی ترەمپ، وەک مایک واڵتزی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، پلانیان هەیە ستراتیجی “ئەوپەڕی فشار” بۆسەر تاران بگەڕێننەوە، سەرنجیان لەسەر سزاکان و بڕینی داهاتی نەوتی ئێرانە. هەرچەندە روون نییە ئایا ترەمپ پشتگیری لە هەوڵەکانی ناسەقامگیرکردنی رژێمەکە دەکات لە ناوخۆدا یان نا، وەک پارەدارکردنی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان یان ئاشکراکردنی شکستەکانی رژیمی ئێران لەڕێی هەڵمەتی زانیارییەوە. هاوکات بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەردەوام داوای لە گەلی ئێران کردووە حکومەتەکەیان بڕووخێنن.
پرسی سەرەکیی چارەسەرنەکراو، داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە. هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە هێرشەکەیدا لە مانگی تشرینی یەکەمدا دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی گرینگی کردە ئامانج و لەنێوی برد، ئەمەش بەرگریی ئاسمانیی ئێران و تواناکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کرد. نەتانیاهۆ و تیمەکەی نیازی خۆیان دەربڕیوە بۆ سوودوەرگرتن لە ناسەقامگیریی ئێران بۆ زیاتر زیانگەیاندن بە ژێرخانە ئەتۆمییەکەی، لەم هەوڵەشدا چاویان لە هاوکارییەکانی ترەمپە.
جەیکۆب ناگل، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی نەتانیاهۆ، گەشبینیی خۆی بە هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر ئێران دەربڕیوە و رایگەیاندووە پێیوایە ئەگەرێکی راستەقینە هەیە (بۆ یەکەمجار) رەنگە ترەمپ هاوکاریی ئیسرائیل بکات لە کارەکانی سەبارەت بە ئێران، بەپشتبەستن بەو سیاسییانەی لە ئیستادا لە دەوری ترەمپن.