زووم..
ئیدارەی خۆسەری رۆژاڤا رایگەیاند، هەوڵی تورکیا و گروپەکانی بە ئامانجگرتنی ناوەندەکانی ژێرخان و بنکە خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتیانە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. دەشڵێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستوەردان بکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا.
ئیدارەی خۆسەر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشكردوە، ئامانجی تورکیا بڵاوکردنەوەی ئاڵۆزییە لە ناوچەکە و هاوکاری راستەخۆ بۆ گرووپە چەکدارەکان دەنێرێت لە سەروی هەموویانەوە داعش، کە ئامانجی تورکیا زیندووبوونەوە و گەڕانەوەیانە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هێرشەکانی ئەم دوایەی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین و شارۆچکەی شەعب، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، تاوانی ئاشکران و پێشلکردنی سەرجەم رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر داواش دەکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستوەردان بکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا و دەڵێت، نابێت ئەم تاوانەی تورکیا بەبێ لێپرسینەوە تێپەڕێت.