زووم..
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچێت، ئەوەش لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژراردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
بەهۆی نزیکی کۆتاییهاتنی خولی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و لەسەر داوای خودی ئەنجومەنەکە، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نائاسایی کرد بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی کۆمسیاران.
عەلی بەلداوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، لایەنە سیاسییەکانی عێراق پەیوەست بە نوێنەرەکانیانەوە لە کۆمسیۆن، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی بەبێ ئەوەی کۆمسیۆنێکی دیکە دیاری کرابێت ئاڵەنگارییەکی گەورەیە و رەنگە ببێتە هۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
ئەو دەڵێت، درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی کۆمسیاران باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردن دروست نەبێت.
رۆژى 7ـى ئەم مانگە، تەمەنی کۆمسیۆن کۆتایی دێت، ئەگەر تەمەنى درێژ نەکرێتەوە، ئاستەنگ دێتە رێی هەڵبژاردن، کە وادەى ئەنجامدانى مانگى 10ـى ئەمساڵە.