زووم..
روانگەى سوریا بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، لە ماوەى سێ رۆژدا، چوار گۆڕی بەکۆمەڵ لە پارێزگای درعا لە باشووری سوریا دۆزراوەنەتەوە، کە زیاتر لە 160 تەرمیان تێدا بووە.
بەگوێرەى روانگەکە، لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا تەرمى 163 کەس دۆزراونەتەوە و مێژووی کوژران و بەکۆمەڵناشتنیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى دەستبەکاربوونى رژێمەکەى بەشار ئەسەد.
روانگەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، داوایان لە بەرپرسانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتى کردووە دەستوبرد بکەن بۆ ناسینەوەى روفاتەکان و رادەستکردنیان بە کەسوکاریان.
22 ـی مانگی رابردووش، روفاتى 93 کەسی دیکە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە هەمان پارێزگا دۆزرایەوە، بە گوێرەى دانپێدانانی بەشێک لە ئەندامانی هەواڵگریی سەربازیی رژێمى پێشوو لە پارێزگای درعا، قوربانییەکان زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، بە زیندویی سوتێنراون و دواتر بە کۆمەڵ نێژراون.