رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
گۆڕانکاریەکانى سوریا کاریگەریی گەورەى کردوەتە سەر شەقامی گشتى سوننەکان لە عێراق
سەرچاوەیەک کە نەیویستووە ناوى ئاشکرا بکرێت، بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى راگەیاندووە، سەرجەم هێز و کەسایەتییە سوننەکانى عێراق کار بۆ ئەوە دەکەن کاریگەرییە ئەرێنییەکانى گۆڕانکاریی دەسەڵات لە سوریا بقۆزنەوە، بۆ باشترکردنى دۆخی خۆیان و مافی مێژوویی و یاسایی و دەستوورى خۆیانى پێوەربگرنەوە.
لانى کەم رۆڵی سوننەکان لە پەراوێزبوون و لەژێر هەژموونى شیعەکان دەریانبهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سەرچاوەیە نەیشاردووەتەوە لەبەر ناکۆکی ناوخۆی هێزە سونییەکان کەمێک دوورە بگەنە کۆدەنگیی.
سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، پێدەچێت لە کۆتاییدا بگەنە هەندێک داواکاریی لەوانەش کێشەى لێبوردنى گشتى بۆ ئەوانەى کە بە تۆمەتى تیرۆر دەستگیرکراون، لەگەڵ لێبوردن لەوانەى کە بەناچاریی چوونەتە دەرەوەى وڵات، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەى بەوەشکردووە بەشێک لە هێزە سونییەکان لەگەڵ هەموارکردنەوەى دەستوردان، سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکردووە سونەکان لە ناخەوە حەزیان بە جیاکردنەوەى هەرێمێک هەیە بەڵام لە ترسی شیعەکان و هەژمارکردنیان بە خیانەتى پارچە پارچەکردنى عێراق ناوێرن کاری بۆ بکەن.
سەباح
ئەمڕۆ پەرلەمان لە دانیشتنێکى نائاساییدا لە چارەنووسى کۆمسیاران دەکۆڵێتەوە کە تەنها دوو رۆژیان ماوە
لەسەر داواى مەحموود مەشهەدانى سەرۆکی پەرلەمانى عێراق بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکى نائاسایی ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەى پێش لە کۆتایی هاتنى وادەى یاسایی کارکردنیان باس لە کێشەکانیان بکرێت و کێشەو گرفتەکانى بەردەم هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق تاووتوێ بکەن.
عەلى بەلداوی ئەندامى پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەکەى گوتووە. کۆمسیۆن وادەى بەسەردەچێت و هەڵوەشاندنەوەشی کێشەیەکی گەورە دروستدەکات لەبەر ئەوەى لایەنە سیاسییەکان ناتوانن لە ماوەیەکى دیاریکراودا بگەنە ئەنجامێک بۆ دانانەوەى ستافێکی نوێ و ئەوەش دەبێـتە هۆى دواخستنى هەڵبژاردنى داهاتوو، هەر بۆیە بە دوورى نەزانیوە باشترین چارەسەر درێژکردنەوەى وادەى یاساییەکەیانە تا بتوانن ئامادەکاریی بکەن بۆ هەڵبژاردنەکان، حەسەن هادی ئەندامی تیمی راگەیاندنى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانیش رایگەیاندووە دوو رۆژى تر ماوەى یاسایی کۆمسیۆن تەواو دەبێت دەبێت ئەمڕۆ چارەسەرى ئەو بابەتەبکرێت.
مەدا
هەولێر و بەغداد نزیکبوونەتەوە لە چارەسەری دۆسیەى نەوت
بەغداد و هەولێر لیژنەیەکى هاوبەشیان بۆ دۆسیەى نەوتى هەرێمى کوردستان پێکهێناوە، باسم غەریباوی ئەندامی لیژنەکە رایگەیاندووە، رێککەوتوین لەسەر رەشنووسی رێککەوتنێکى سەرەتایی و بڕیارە رەوانەى ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانى بکەین بەمەبەستى پەسەندکردنى.
بەشێکى زۆر لە کێشەکانى تێدا چارەسەرکراوە، نەبیل مەرسومی پسپۆڕی ئابوری رایگەیاندووە، هەفتەى رابوردوو نۆ کۆمپانیاى بیانى داواى 24 ملیار دۆلار قەرەبووی زیانەکانیان کردووە، دواى ئەوەى کە دادگاى کەرخ سەرجەم ئەو گرێبەستانەى کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانى کردوو بە نایاسایی لە قەڵەمداوە. ئەندامێکى لیژنەى نەوت و گاز بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، وەزارەتى نەوتى عێراق هەموو رێوشوێنێکى یاسایی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەى نەوتى هەرێمی کوردستانى بکەوێتەوە ژێر دەست.
قودسى عەرەبى
لوغمەکانی سەردەمی ئەسەد هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان سوری دەکەن
سەرەڕای ئەوەى کۆتایی رژێمەکەى ئەسەد نزیکدەبێـتەوە لە مانگێک، بەڵام شوێنەوارە جەنگییەکان و لوغمە چێنراوەکانى هەڕەشەن لەسەر ژیانى ملیۆنەها هاووڵاتى ئەو وڵاتە، ئەوە لە کاتێکدا تۆڕی رێکخراوەکانى مافەکانى مرۆڤ لە سوریا بڵاویکردووتەوە، کە 45 کەس بە هۆی لوغم و تەقەمەنییەکانی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە لە نێویاندا 6 منداڵ و 4 ژن هەن و هەموویان لوغمی چێنراوی سەردەمی بەشار ئەسەدیان پێدا تەقیوەتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
هاتنی گەشتیاران بۆ ئێران 38% کەمیکردووە
ئامارەکانی رێکخراوی گەشتیاری جیهانی دەریدەخەن, کە ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە ئەمساڵدا هاتوونەتە ناو ئێرانەوە بەراورد بە پێش پەتای کۆرۆنا بە رێژەی 37٪ کەمیکردووە.
ئەم دابەزینە بە هۆی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، وەک خۆپێشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادی و گرژییە ئەتۆمییەکان و کێشەکانی ژێرخانی وەک پچڕانی کارەبا روویداوە.
دابەزینی گەشتیاران بە تایبەتی لە شارە گەشتیارییەکانی وەک یەزد، ئیسفەهان و شیرازدا بەرچاوە.
بە گوتەی خاوەنێکی هاوینەهەواری ئیکۆتۆریزم لە یەزد، شوێنەکەیان زۆرجار بەتاڵە و کەمبوونەوەی گەشتیاران کێشەی ئابووریی جددی بۆ چالاکوانانی ئەو بوارە دروستکردووە.
هەروەها دابەزینی فرۆشی پیشەسازی دەستی و گۆڕینی فرۆشگاکان بۆ دوکانی ئاسایی نیشانەکانی دیکەی ئەم پاشەکشەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە 16 وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکی و ئاسیایی لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا ئامۆژگاریی هاووڵاتیانیان کردووە کە گەشت بۆ ئێران نەکەن یان ئێران بەجێبهێڵن.
کەیهان
قەرز بە خەڵک دەدرێت بۆ کڕینی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر
جێگری وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، کە خەڵکی ئاسایی دەتوانن لە بانکی “رفاهــ” قەرز وەربگرن بۆ دابینکردنی پانێڵی خۆر و دامەزراندنی وێستگەکانی کارەبا لە سەربانی ماڵەکانیان.
موحسین تەرز تەڵەب، سەرۆکی رێکخراوی وزەی نوێبووەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، بڕیارە 30 هەزار مێگاوات وزەی نوێبووەوە بخرێتە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی و تا ئێستاش هەزار و 400 خاڵ بۆ دانانی وێستگەی کارەبا دەستنیشانکراون.
250 ملیۆن دۆلار بودجە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە تەرخانکراوە.
ئەبرار
دۆخی ئاو لە ئێران زۆر مەترسیدارتره لەو شتەی دەسەڵاتداران باسی دەکەن
عەباس محەمەدی، چالاکوانی ژینگەپارێز لە گوتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی خەبەر ئۆنلاین، هۆشداریدا کە دۆخی ئاو لە ئێران زۆر مەترسیدارتره لەو شتەی دەسەڵاتداران باسی دەکەن.
ناوبراو دەڵێت، دروستکردنی بەنداوەکانی ئەم دواییە لە ئەفغانستان بە تایبەتی بە هاوکاری وڵاتانی وەک چین بووەتە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەهۆی لاوازیی دیپلۆماسیەتی ژینگەیی، ئێران نەیتوانیوە مافی خۆی لە ئەفغانستان وەربگرێت، تەنانەت گرێبەستە هاوبەشەکان جێبەجێ نەکراون.
دەشڵێت، ئێران لەبوواری بەڕێوەبەرایەتی ئاو نەک هەر ناگاتەوە تورکیا بەڵکوو لە ئاستی ئەفغانستانیشدا نییه و قسەی پەرلەمان سەبارەت بە بەڕێوەبەریی ئاو لە درۆیەک زیاتر هیچ نییه.
ئاگاهـ
بازرگانی ئاژەڵی کێوی رکابەری قاچاخی و مادەی هۆشبەر دەکات
شینا ئەنساری، سەرۆکی رێکخراوی ژینگە رایگەیاند،بازرگانیکردن بە ئاژەڵە کێوییەکان گەورەترین قاچاخە لە جیهاندا دوای بازرگانیکردن بە چەک و ماددە هۆشبەرەکان.
راگرتنی ئاژەڵە کێوییەکان لە ماڵەکاندا زیادی کردووە، بە تایبەت لە وەرزی بەهار و هاویندا، ئەم دیاردە نایاساییە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بازاڕە نایاساییەکانەوە بڵاو بووەتەوە. ئاژەڵەکانی وەک بەچکە شێر، ئاسک، هەڵۆ و کۆترەکان لەو جۆرانەن کە بە شێوەیەکی بەرچاو قاچاخ دەکرێن یان لە ماڵەکاندا زیندانی دەکرێن.
قاچاخچییەکان سوود لە نەزانیی خەڵک وەردەگرن بۆ فرۆشتنی ئەو ئاژەڵانە و ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیه بۆ سەر جۆراوجۆریی زیندەوەران.
گرنگترین هۆکارەکانی بازرگانیکردن بە گیانلەبەرە کێوییەکان بریتین لە بێکاری، کات بەسەربردن و بیروباوەڕی خورافات.
زۆرترین ژمارەی بازرگانی و دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵە کێوییەکان لە پارێزگاکانی بوشێهر، هورموزگان، خوراسانی باشوور و بەلووچستان روودەدات.
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
ئەربەکان: پەکەکە بە بانگەوازێکی ئۆجالان چەک دانانێت
فاتیح ئەربەکان سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفا، دەربارەى دیدارەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجالان و لایەنە سیاسییەکان رایگەیاند، نیگەرانیمان لەوە دەبێت ئەگەر رێگە بدرێت ئۆجالان لە پەڕلەمان گوتار پێشکەش بکات.
دەڵێت، ئەمە مانای شکستییە وەک ئەوەی بڵێیت 40 ساڵ لەگەڵ ئێوە شەڕمان کرد و سەرکەوتوو نەبوین، با تکا لە ئۆجالان بکەین لە پەڕلەمان گوتار پێشکەش بکات و ئێمە لەو کێشەیە رزگاربکات. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت ئێوە پەناتان بۆ ئۆجالان بردووە لە ناچاریدا.
ئەربەکان گوتیشی، شتێکی رێگەتێچوو نییە پەکەکە بە بانگەوازێکی ئۆجالان چەک دابنێت.
میللییەت
ئیمڕاڵی بووەتە رۆژەڤی جەهەپە
سبەی یەکەم کۆبونەوەى سەرکردایەتی جەهەپە لە ساڵی نوێدا ئەنجامدەدرێت، بەگوێرەى زانیارییەکان گرنگترین بابەتی جەهەپە کە گفتوگۆی لەسەردەکات پڕۆسەی دەستپێکردنەوەى دیدارەکانە لەگەڵ ئیمڕاڵی. هاوکات سبەی دیداری نێوان شاندی دەم پارتی و جەهەپە لەسەر دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت.
ئاکیت
40 هەزار پەنابەری سوری گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان
عومەر پۆلات وەزیری بازرگانی تورکیا رایگەیاند، لە رێگەى سێ دەروازەى سنووری لە پارێزگای هەتای، تائێستا 29941 پەنابەری سوری گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. بە تێکڕا لە دەروازە سنورییەکانی دیکەوە ژمارەی ئەو پەنابەرە سورییانەى بە یەکجاری گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان 40 هەزار کەسن.
گوتیشی، بە گوێرەى هەلومەرجی ناوخۆی سوریا چاوەڕێ دەکرێت پڕۆسەی گەڕانەوەى پەنابەرە سورییەکان خێراتر بکرێت.
میللی گەزەتە
پارتی سەعادەت: پرسی کورد لە پەڕلەمان چارەسەر دەکرێت نەوەک لە دورگەى ئیمڕاڵی
مەحمود ئەریکان سەرۆکی گشتیی پارتی سەعادەت رایگەیاند، پرسی کورد پرسێکی هەستیار و لەمێژینەیە و نابێت بکرێتە مەرامێکی سیاسیی بۆ هەموارکردنەوەى دەستوور، یاخوود دووبارە هەڵبژاردنەوەى کەسێک، دواتر زیانێکی زۆر دەبێت و قەرەبوو ناکرێتەوە.
دەربارەى دیدارەکان لەگەڵ ئۆجالان گوتیشی، شوێنی چارەسەری پرسی کورد پەڕلەمانە نەوەک دورگەى ئیمڕاڵی.
گوتیشی، بۆ چارەسەری پرسی کورد پێویستە تەواوى پارتە سیاسییەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەشداربن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
پزیشکی گشتیی داوادەکات ئاماژەی نەخۆشیی شێرپەنجە بلکێندرێت بە خواردنەوە کحولییەکانەوە
پزیشکیی گشتیی ئەمریکا دەڵێت، پێویستە خواردنەوە کحوولییەکانیش هۆشدارییەکی نوسراویان بخرێتە سەر.
ئەو هۆشدارییە بە خەڵک بڵێت کە خواردنەوە کحوولییەکان هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوونی مرۆڤەکانن بە نەخۆشیی شێرپەنجە.
بۆیە بە بڕیارێکی کۆنگرس داوادەکرێت ئەو نوسراوەی ئێستا لەسەر بتڵی بیرە و شەراب و سەرخۆشکەرەکان بوونی هەیە بگۆڕدرێت بۆ دانەیەکی تر کە ئاماژە بە نەخۆشیی شێرپەنجە بکات.
ئەو هۆشدارییانەی کە تا ئێشتا لەم بارەوە هەن و دەدرێن بە خەڵک ئەوەیە کە نابێت لە کاتی سکپڕبوون و ئۆتۆمبێل ئاژووتندا کەسەکان سەرخۆش بن. هەروەها لەسەر بتڵەکانیش نوسراوە، کە لەوانەیە ئەم خواردنەوەیە کێشەی تەندروستیت بۆ دروست بکات.
دەیلی تەلەگراف
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوادەکات ئەو پێناسە نوێیەی بۆ ئیسلامۆفۆیا کراوە لابدرێت
بە هۆی چەند روداوێکی پەلاماردانەوە، کە لەناوخۆی بەریتانیادا روویانداوە، سێر کێیە ستامەر داوای کرد ئەو پێناسە نوێیەی کە بۆ زاراوەی “ئیسلامۆفۆبیا” کراوە لاببرێت.
ناوبراو پێیوایە ئەو پێناسە نوێیە وادەکات سنورەکانی ئازادیی رادەربڕین کەم ببنەوە و ببێتە هۆی ئەوەی کەسانێک بە بیانوی بوونی ئەو پێناسەیەوە دەستدرێژییان بکرێتە سەر. بە هۆی چەند روداوێکەوە، کە لە شارەکانی روسەرهام و ئۆڵدهام روویانداوە، حکومەت بڕیاریداوە چاو بە ئەو پێناسە فەرمییەی زاراوەکەدا بخشێنێتەوە.
رۆبەرت جێنەریک وەزیری داد لە حکومەتی سێبەردا داوای کردوە، ئەو پێناسەیە کە حکومەت کاری پێدەکات توند و سەختە و پێویستە وازی لێبهێنێت.
تایمز
ناتۆ لەبارەی مووشەکی بالستییەوە هۆشداری دەدات بە بەریتانیا
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هانی حکومەتەکی دەدات بودجەیەکی زیاتر بۆ بەرگریی سەربازی خەرج بکرێت، چونکە لەسایەی شڵۆقیی بارودۆخی ئێستادا دەکرێت بەریتانیا لە هەر کوێیەکەوە هێرشی بکرێتەسەر.
ناتۆ داوا لە ستامەر دەکات بودجەی تەرخانکراو بۆ بەرگریی ئاسمانی و پەرەدان بە موشەکە دوورمەوداکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات، چونکە لە هەرکوێیەکەوە بە مووشەکی دوورمەودا هێرش بکرێتە سەر بەریتانیا، ئەم وڵاتە توانای بەرگریکردنی نییە. وا چاوەڕوان دەکرێت ناوەندە سەربازییەکان لە ماوەیەکی نزیکی داهاتووی ئەمساڵدا بە فەرمی داوا بکەن بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت، چونکە هەندێک ناوچەی بەرفراوانی ئەم وڵاتە هەن کە ئەگەر هێرشیان بکرێتە سەر توانای خۆپاراستنیان نابێت، ناتۆش دەیەوێت ئەم کەموکووڕییە چارەسەر بکرێت.
ئیندیپێندەنت
زیان و تێچووەکانی پێنج ساڵی پاش چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا
رۆژنامەی ئیندیپێندەنت لاپەڕەی یەکەمی خۆیی تەرخان کردوە بۆ تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا.
بە ئەم ناونیشانەی سەرەوە هەندێک لە ئەو زیانانەی نوسیوە، کە لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا بە هۆی چوونەدەروەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا لە ئەو وڵاتە کەوتوون.
نوسیویەتی لە مانگی کانوونی دووەمی 2020ــەوە، تا کانوونی دووەمی 2025 ئەم زیانانە لە ئەو وڵاتە کەوتوون. ئەم راپۆرتە یەک لاپەڕەيییە هەندێک زانیاریی ووردی تێدایە، وەک ئەوەی دەڵێت یەک ملیۆن و 227 هەزار و 800 هاوڵاتیی ئەوروپی بەریتانیان بەجێهێشتوە. رێژەی 56٪ـی بەرهەمی شیرەمەنی کەمبوەتەوە، لەبەرئەوەی کرێکاریان دەستناکەوێت کارەکانیان بۆ ئەنجام بدەن. یەک لەسەر سێی خوێندکارە ئەوروپییەکان بەریتانیایان بەجێهێشتووە. هەناردەکردن بەرهەمی 16400 کارگە بۆ ناو ئەوروپا پەکیان کەتووە. ساڵانە 2.8 ملیار پاوەند زیان لە بازاڕی کەرەستە خۆراکییەکانی بەریتانیا دەکەوێت.
60٪ـی بەریتانییەکان پێیانوایە چوونە دەرەوە لەو یەکێتیی تەنها زیانی هەبووە، بەهۆی قورسبوونی رێوشوێنی هەناردەکردن و هاوردەکردنەوە ساڵانە27 ملیار پاوەند زیان بەربەریتانیا دەکەوێت.